20 پڕۆژەى گەشتوکاڵى لە هەرێمى کوردستان کاریان تێدا دەکرێت
ئارام عیزەدین، سەرپەرشتیارى پرۆژەى گەشتوکاڵى لە دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان گوتی، 20 پڕۆژەى گەشتوکاڵى لە هەرێمى کوردستان کاریان تێدا دەکرێت و پرۆژە گەشتوکاڵییەکان ئامادە دەکرێن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران. عیزەدین، ڕاشیگەیاند، لە هەموو ناوچەکانى هەرێمى کوردستان پرۆژەى گەشتوکاڵى بونیادنراوە و پرۆژەى گەشتوکاڵى کراوەتە پرۆگرامى خوێندن بۆ بەشى رێبەرى گەشتیارى.
پێنج بۆ شەشیان تەواوکراون
سەرپەرشتیارى پرۆژەى گەشتوکاڵى لە دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان دەڵێت، "20 پرۆژەى گەشتوکاڵى لە هەرێمى کوردستان کارى تێدا دەکرێت و پێنج بۆ شەش دانەیان تەواوکراون و ئامادەن بۆ پێشوازى لە گەشتیاران".
پڕۆژەى گەشتوکاڵ لەهەرێمى کوردستان لەلایەن قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاگەیێندراوە، تاوەکو گەشتیاران هانبدرێن سەردانى پرۆژەکانى گەشتوکاڵ بکەن.
پرۆژەی گەشتوکاڵ بە سێ قۆناغ جێبەجێدەکرێت:
قۆناغى یەکەم: ڕاهێنان
قۆناغى دووەم: ئامادەکردنى شوێن
قۆناغى سێیەم: بەبازاڕکردنیان
دوو قۆناغی پرۆژەکە جێبەجێکراوە
ئارام عیزەدین، سەرپەرشتیارى پرۆژەى گەشتوکاڵى لە دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، "تاوەکو ئێستا دوو قۆناغمان لە پرۆژەى گەشتوکاڵى جێبەجێکردووە کە ڕاهێنان و ئامادەکردنى تەواوکردنى پرۆژە گەشتوکاڵییەکانە، بەڵام هەندێکیان تەواو نەکراون".
20 پرۆژەی گەشتوکال
سەرپەرشتیارى پرۆژەى گەشتوکاڵ ڕاشیگەیاند، "لە هەرێمى کوردستان 20 پرۆژەى گەشتوکاڵى هەن، کە تەنیا پێنج بۆ شەش پرۆژەى گەشتوکاڵى ئامادەکراون و کارەکانیان تەواو کراوە، ئەوانى دیکە کارکردن تیایاندا ماوە، چونکە پێشتر ڕێکخراوێکى ناحکومى بەشێک لە بودجەکەى تەرخان دەکرد، بەڵام کە ئەو ڕێکخراوە نەما، پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان بودجەیان بۆ دابینبکات".
بەبازاڕکردن و زیادکردنی هاتنی گەشتیار
ئەوەشى دووپاتکردەوە، بۆ بە بازاڕکردنى شوێنە گەشتوکاڵییەکان، دەستەى گەشتوگوزار و وەزارەتى کشتوکاڵ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لەوەى بەبازاڕکردنیان بۆ بکەن تاوەکو هاتنى گەشتیار بۆ هەرێمى کوردستان زیاد بکات.
پرۆژەی گەشتوکاڵ بووەتە وانەی خوێندن
ئارام عیزەدین، جەختى لەوەشکردەوە، لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر پرۆژەى گەشتوکاڵى کراوەتە وانەیەک و پرۆگرامى خوێندن بۆ بەشى رێبەرى گەشتیارى.
گرووپە گەشتیارییەکان دەبرێن بۆ سەر پرۆژەکان
سەرپەرشتیارى پرۆژەى گەشتوکاڵى لە دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان، ئەوەشى روونکردەوە لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە خواروو ناوەڕاستى عێراق لەبارەى پرۆژەکەوە گفتوگۆیان کردووە و بیرۆکەى ئەو جۆرە پرۆژانەیان زۆر لا پەسەند بووە و پێیان ڕاگەیاندوون، هەرکات پرۆژە گەشتوکاڵییەکان ئامادەبوون ئاگاداریان بکەنەوە تاوەکو گرووپە گەشتیارییەکان بهێنن بۆ ئەو پرۆژە گەشتوکاڵیانە.
شوێنەکانی پرۆژەی گەشتوکاڵ
پرۆژە گەشتوکاڵییەکان بەسەر ناوچەکانی جیاجیاکانی هەرێمى کوردستاندا دابەشکراوان:
لە پارێزگاى هەڵەبجە؛ سێ پرۆژەی گەشتوکاڵ هەیە
لە سلێمانى؛ دوو پرۆژەی گەشتوکاڵ هەیە
لە ئاکرێ؛ دوو پرۆژەی گەشتوکاڵ هەیە
لە چۆمان؛ سێ پرۆژەی گەشتوکاڵ هەیە
لە بادینان و سۆرانیش پرۆژەى گەشتوکاڵى هەیە
هیچ جیاوازییەک لەنێوان ناوچەکاندا نەکراوە
بەگوتەى سەرپەرشتیارى پرۆژەى گەشتوکاڵى لە دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان هیچ جیاوازى لەنێوان ناوچەکاندا نەکراوە و هەر شوێنێکى نایاب هەبووبێت ئەو پرۆژەیەى تێیدا ئەنجامدراوە.
کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بەیەکەوە دەبەسترێنەوە
قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە ناوەڕاستى ساڵى رابردوو پڕۆژەى گەشتوکاڵى ڕاگەیاند و ئەوەشى روونکردووەتەوە، کە گەشتوکاڵ وشەیەکی نوێی زمانی کوردییە و لە (agrotourismـى ئینگلیزییەوە وەریانگرتووە! قوباد تاڵەبانى ئەوەشى دووپاتکردووەتەوە، کە "مەبەستیانە و پلانیان هەیە، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بەیەکەوە ببەستینەوە، گەشتیاران دەبەنە نێو کێڵگەی جوتیاران لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، تا هەم چێژ لە جوانیی سروشتی کوردستان ببینن و هەم بەروبوومی ئۆرگانی ئەو کێڵگانە بکڕن، لە یەک کاتدا پشتیوانیی جووتیاران دەبن و پەرە بە کەرتی گەشتوگوزاریش دەدەن".
31/10/2025