نەتەوەیەکگرتووەکان: سەرکوتکردن و گرتنی هاوڵاتییان لە ئێران زیادیانکردووە
نوێنەرایەتیی بەدواداچوونى ڕاستییەکان لە ئێران لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند، لەدوای جەنگی 12 رۆژەوە ئامارەکانی سەرکوتکردن و گرتنی هاوڵاتییان لە ئێران زیادیانکردووە، دەشڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 1200 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون و ئێران چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان و پارێزەران بە ئامانج دەگرێت.
دەستگیرکردنی کەمە نەتەوەکان و ڕۆژنامەوانان زیادیانکردووە
سارا حسێن، سەرۆکى نێردەى نێودەوڵەتیی بۆ بەدواداچوونى ڕاستییەکان لە ئێران کە تایبەتە بە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕاپۆرت و بەڵگەکان دەریدەخەن، حکومەتی ئێران لە دوای جەنگی 12 رۆژە، هەڵمەتی سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی خەڵکی بەتایبەت کەمە نەتەوە و چالاکوانان، ڕۆژنامەوانان و پارێزەران زیاتر کردووە، ئەوە جگە لەوەی لەماوەی جەنگی 12 رۆژەدا زیاتر لە 21 هەزار کەس لەو وڵاتە دەستگیرکراون.
"ئەمساڵ هەزار و 200 کەس لەسێدارەدراون"
سارا حسێن، لەبارەی لەسێدارەدان لە ئێران دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەزار و 200 کەس لەو وڵاتە لەسێدارە دراون، کە بەراورد بە ساڵانی پێش خۆی، زیادیکردووە و بەرزترین رێژە بووە لە دوای ساڵی 2015 کە تۆمار کرابێت.
"زیاتر لە 330 کورد دەستبەسەرکراون"
لە راپۆرتی نوێنەرایەتیی بەدواداچوونى ڕاستییەکان لە ئێران باس لە زیادبوونی ئاماری دەستبەسەرکردن و سەرکوتکردنی کەمە نەتەوە و کەمە ئاینییەکانی وڵاتەکە دەکات و دەڵێت، زیاتر لە 330 کورد و ژمارەیەکی زۆر عەرەب و هەزاران ئەفغانی لە ئێران دووچاری دەستبەسەرکردن و دەرکردن بوونەتەوە.
"تاوانی سیخۆڕی بۆ ئیسرائیل"
لە راپۆرتی نوێنەرایەتیی بەدواداچوونى ڕاستییەکان لە ئێران ئەوەش هاتووە، ئێستا حکومەتی ئێران بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل هەڵدەکوتێتە سەر بەهاییەکانی وڵاتەکە و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگرێت.
"هەڕەشە لە 45 ڕۆژنامەنووس کراوە"
ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە 45 ڕۆژنامەوان لە وڵاتانی جیهانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و چاودێریکردن بوونەتەوە.
ژینا ئەمینی و لیژنەی بەدواداچوونی ڕاستییەکان
ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2022 دوای ناڕەزاییتیەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دوای کوشتنی مەهسا (ژینا) ئەمینی، نوێنەرایەتییەکیان بە ناوی نوێنەرایەتیی بەدواداچوونى ڕاستییەکان لە ئێران دانا، کە کاری چاودێریکردنی دۆخی مافی مرۆڤە لە ئێران.
"هەشت زیندانیی مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە"
ڕاپۆرتەکە لەکاتێکدایە رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە بارەگاکەی لە شاری ئۆسلۆی نەرویجە، لە دوایین ڕاگەیەندراویدا دەڵێت، هەشت زیندانی لەناو زیندانەکانی ئێران مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ڕێگری بکات لە لەسێدارەدانیان.
31/10/2025