بەغداد باجى نوێى گومرگى بەسەر بارهەڵگرەکانى هەرێمى کوردستان دەسەپێنێت

بەگوێرەى بەدواداچوونى کەناڵ8، بەغداد بڕیاریداوە لە 1ـى کانوونى یەکەمى 2025، باجى گومرگى لە بارهەڵگرەکانى هەرێمى کوردستان وەربگرێت.

باجەکان جگەرە و خواردن و پێداویستى رۆژانە دەگرێتەوە

بەگوێرەى بەدواداچوونى کەناڵ8، بەغداد بڕیاریداوە لە سەرەتاى مانگى داهاتووەوە باجى ڕەوانەکردنى جگەرە 10% و باجى خواردەمەنی و پێداویستییەکانی ڕۆژانە 1% و باجى سەر کاڵاى بیناسازیی و پاککەرەوە 3% جێگیر بکات.

بڕیارەکە کێ دەگرێتەوە ؟

کەناڵ8 ئەوەشى زانیوە، هەر جیاوازییەک لە پێناسى گومرگى هەبێت، واتا هەرێمى کوردستان کەمتر وەربگرێت، بەغداد لەو بارهەڵگرانەى وەردەگرێت کە لە هەرێمى کوردستانەوە دەچنە ناوەڕاست و خوارووى عێراق.

حکومەتى بەغداد چى بە حکومەتى هەرێم گوتووە؟

حکومەتى عێراق بە شاندى دارایی هەرێمى کوردستانى گوتووە، دەیانەوێت داهاتى نانەوتیی زیاد بکەن، پێویستە باجى گومرگى لە دەروازە سنوورییەکاندا زیاد بکرێت و پێناسى گومرگى یەک بخرێت، بەڵام شاندەکەى هەرێمى کوردستان گوتوویەتى، پێداچوونەوە بە پێناسى گومرگى دەکەن، بەڵام مەرج نییە جێبەجێى بکەن، چونکە ئەوەى دیاریى کراوە پیشتر بڕیارى لەسەر دراوە.

هەولێر و بەغداد لەڕووى پێناسى گومرگى جیاوازن

ئەمە لەکاتێکدایە، پرسی پێناسی گومرگیی لەنێوان هەولێر و بەغداد بە ڕێژەی 80% جیاوازیی هەیە و ئەمەش یەکخستنیانی قورس کردووە.

ناکۆکییەکانى بەغداد و هەولێر و خاڵى گومرگی

ناکۆکییەکانى بەغداد و هەولێر لەسەر دەروازە سنوورییەکان، پەیوەندی بە خاڵى گومرگیى لە نێوان پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و ناوەڕاست و خوارووى عێراق و داهاتى گومرگیی دەروازە سنوورییەکانى هەرێمی کوردستانەوە هەیە.