ڕووسیا خاوەنی زۆرترین کڵاوەی ئەتۆمییە
چەکی ئەتۆمی، کە بەهێزترین چەکی کۆمەڵکوژە و توانای وێرانکردنی شارێکی هەیە، لە جیهاندا تەنها نۆ وڵات خاوەندارێتی دەکەن. سەرەڕای بوونی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی، بەڵام کێبڕکێی پەرەپێدان و نوێکردنەوەی ئەم چەکە هەر بەردەوامە.
چەکی ئەتۆمی چییە؟
چەکی ئەتۆمی بەهێزترین جۆری چەکە و لە ڕێگەی کارلێکی ئەتۆمییەوە تەقینەوەیەکی زۆر گەورە دروست دەکات کە دەتوانێت زیاتر لە 80%ی شارێک وێران بکات. یەکەم جار لە مێژوودا لە 6ی ئابی 1945 لەلایەن ئەمریکاوە بەکارهێنرا کاتێک بۆمبی "کوڕی بچووک"ی بەسەر شاری هێرۆشیما و دوای سێ ڕۆژ بۆمبی "پیاوە قەڵەوەکە"ی بەسەر شاری ناکازاکیدا لە ژاپۆن خستە خوارەوە. لەو دوو هێرشەدا نزیکەی 150 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و لەو کاتەوە تا ئێستا چەکی ئەتۆمی لە جەنگدا بەکارنەهێنراوەتەوە.
کام وڵاتانە خاوەنی چەکی ئەتۆمین؟
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی "ئایکان"، لە ئێستادا 12,241 کڵاوەی ئەتۆمی لە جیهاندا هەیە کە بەسەر نۆ وڵاتدا دابەشبوون:
- ڕووسیا: 5,459 کڵاوە (1949)
- ئەمریکا: 5,177 کڵاوە (1945)
- چین: 600 کڵاوە (1964)
- فەڕەنسا: 290 کڵاوە (1960)
- بەریتانیا: 225 کڵاوە (1952)
- هیندستان: 180 کڵاوە (1974)
- پاکستان: 170 کڵاوە (1998)
- ئیسرائیل: 90 کڵاوە (1966) (دانپێدانانی فەرمی نییە)
- کۆریای باکوور: 50 کڵاوە (2006)
ئایا دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ڕێگەپێدراوە؟
نەخێر، بەگوێرەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کە لە ساڵی 1970ـەوە کاری پێدەکرێت، دروستکردنی چەکی ئەتۆمی قەدەغەیە. 191 وڵات ئەم پەیماننامەیەیان واژۆ کردووە، بەڵام هەندێک وڵاتی وەک هیندستان و پاکستان هەرگیز واژۆیان نەکردووە و کۆریای باکووریش لە ساڵی 2003 لێی کشاوەتەوە. ئەو پێنج وڵاتە زلهێزەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشن (ئەمریکا، ڕووسیا، چین، فەڕەنسا، بەریتانیا) پێش ئەم پەیماننامەیە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوون.
کێ یۆرانیۆم دەپیتێنێت؟
نزیکەی 15 وڵات لە جیهاندا توانای پیتاندنی یۆرانیۆمیان هەیە کە ماددەی سەرەکیی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییە، لەوانە (ئەرجەنتین، بەرازیل، ژاپۆن، هۆڵەندا و ئێران). لە ئێستادا، ئێران کە لە ساڵی 1950ـەوە دەستی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کردووە، زۆرترین نیگەرانیی نێودەوڵەتی لەسەرە، هەرچەندە خۆی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرنامەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.
01/11/2025