هیوا ئەفەندی: داواكەی تەیف سامی بۆ لێبڕینی 3% بیانووە
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێم، داواکارییەکەی وەزیری دارایی عێراق بە "بیانوو" ناودەبات و جەخت دەکاتەوە کە لیستی مووچە هیچ کەموکوڕییەکی تێدا نییە و ئامادەیە.
"لێبڕینی 3% ناڕەوایە"
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ڕایگەیاند، بڕینی 3%ی مووچەی فەرمانبەראن ناڕەوایە و ئەو داواکارییەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لەوبارەیەوە بیانووە. ئەفەندی ئاشکرای کرد کە حکومەتی هەرێم کۆی گشتی ئەو پارەیەی کە 3%ی خانەنشینان دەبڕدرێت بۆ بەغدادی ناردووە.
داواکارییە نوێیەکەی بەغداد
بە وتەی هیوا ئەفەندی، وەزیری دارایی عێراق داوای کردووە بزانێت هەر مووچەخۆرێک مانگانە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2024 چەند لە مووچەکەی بڕدراوە و کۆی گشتییەکەی بۆ ماوەی 10 ساڵ چەندە. ناوبراو وتی: "ئێمەش بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادەمان کردووە و ئەو کێشەیەشمان چارەسەرکردووە و بۆمان ناردوون."
"هیچ كەموكورتییهك له لیستی مووچهدا نهماوه"
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری جەختی کردەوە: "681 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە 299 هەزار فەرمانبەریان لە کەرتی سەربازین و لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم ئامادەیە و هیچ کەموکوڕییەکی تێدا نییە."
ئامار و سیستمی ئەلیکترۆنی
هیوا ئەفەندی ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 300 هەزار خانەنشین لە کوردستان هەن و لە مانگی تشرینی دووەمەوە دۆسیەی هەموویان دەبێتە ئەلیکترۆنی، بەڵام "تاوەکو ئێستاش بەغداد بە سی دی و کاغەز داوای لیستی مووچە دەکات."
02/11/2025