ناسا لەبارەی نیشتنەوە لەسەر مانگ وەڵامی کیم کارداشیان دەداتەوە

کیم کارداشیان، کەسایەتیی بەناوبانگی جیهان
کیم کارداشیان، کەسایەتیی بەناوبانگی جیهان

لێدوانێکی نوێی کیم کارداشیان، کەسایەتیی بەناوبانگی جیهان، لە ئەڵقەیەکی نوێدا لە زنجیرەی "کارداشیانەکان" بووەتە جێگەی مشتومڕ و بەڕێوەبەری ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ناسای ناچارکرد وەڵامبداتەوە.

"نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ هەرگیز ڕووی نەداوە"

کیم کارداشیان وتوویەتی کە بڕوای وایە نیشتنەوەی لویس ئارمسترۆن و بەز ئاڵدرین، کەشتیوانانی ئاسمانیی ناسا، لەسەر ڕووی مانگ خەیاڵێکی زانستییە.

لە درێژەی قسەکانیدا کیم وتی، ڤیدیۆیەکی بینیوە لەناو ئینتەرنێتدا کە چاوپێکەوتنێکی بەز ئاڵدرین بووە و کاتێک لێدوانەکانی ئەو کەشتیوانە ئاسمانییەی لێکداوەتەوە، گەشتووەتە ئەو باوەڕەی نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ هەرگیز ڕووی نەداوە.

"شەش جار چووینەتە سەر مانگ"

ئەو بیرۆکەیەی کە دەوترێت تاوەکو ئێستا کەس نەچووەتەسەر مانگ لە ساڵی حەفتاکانەوە هەیە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بیرۆکەکە ئیدی لاوازتر بووە، شۆن دافی، بەڕێوەبەری کاتی ئاژانسی ناسا، دوای ئەم قسەیەی کیم کە چوار ملیۆن کەس بینەری بوون، خۆی نەگرت و لە پلاتفۆرمی ئێکس وەڵامی دایەوە.

شۆن دافی نووسیویەتی:"بەڵێ کیم کارداشیان، شەش جار چووینەتە سەر مانگ" و ئەمریکا لەژێر سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، لە ساڵی 2026 دەگەڕێتەوە بۆ سەر مانگ.