سوودانى: پاش کشانەوەى هاوپەیمانان گرووپەکان چەکدادەنێن
لە وەڵامێکی ناڕاستەوخۆدا بۆ فشارە نوێیەکانی ئەمریکا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چارەنووسی گرووپە چەکدارەکانی بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە گرێدا و ڕایگەیاند، تا ئەو هێزانە لە عێراق بن، چەکداماڵین سەرکەوتوو نابێت.
پاساوێک بۆ مانەوەی هاوپەیمانان نەماوە
سوودانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، پلانێک هەیە بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2026، چونکە هەڕەشەی داعش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و ئاسایش سەقامگیرە. سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە: "پاساوێک نەماوە بۆ بوونی 86 دەوڵەت،" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو وڵاتانەی لە ساڵی 2014ـەوە بەشداریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان کردووە.
پلانی عێراق بۆ گرووپە چەکدارەکان
سەبارەت بە داهاتووی گرووپە چەکدارەکان، سوودانی دووپاتیکردەوە کە پلانێکی ڕوونیان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت. ئەو بەدووری نەزانی کە دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، ئەو گرووپانە یان تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکان بکرێن، یان چەکەکانیان دابنێن و بەشداریی کاری سیاسی بکەن. وتیشی: "دامەزراوەکانی دەوڵەت خاوەنی بڕیاری شەڕ و ئاشتین و هیچ لایەنێک ناتوانێت عێراق پەلکێشی جەنگ بکات."
فشارە نوێیەکانی ئەمریکا
قسەکانی سوودانی لە کاتێکدایە کە ئەمریکا فشارەکانی لەسەر بەغداد چڕکردووەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جەختیان لە پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان کردووەتەوە. مانگی ڕابردووش، واشنتن چوار گرووپی چەکداریی (بزووتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدولشوهەداء، بزووتنەوەی ئەنساروڵا و کەتیبەکانی ئیمام عەلی) خستە لیستی تیرۆرەوە.
مەرجی واشنتن بۆ حکومەتی داهاتوو
بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگایەکی ئەوروپی، فشارەکانی ئەمریکا لەوە زیاترن و ڕەنگە بگاتە ئاستی داننەنان بە ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو ئەگەر لایەنە سەر بە حەشدی شەعبی بەشداری لە حکومەتی نوێدا بکەن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئیدارەی ترەمپ سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران لە عێراق.
04/11/2025