هەڵەبجە؛ پایتەختی 17 جۆر هەنار و 10 بەرهەمی جیاواز

کەناڵ8 04/11/2025

هەڵەبجە ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار تۆن هەنار بە 17 جۆری جیاوازەوە دەخاتە بازاڕەکانەوە، کە دەتوانرێت بە زیاتر لە 10 ڕێگەی جیاواز بکرێت بە سەرچاوەی داهات.

نرخەکان لە 250 دینارەوە دەست پێدەکات

نرخی هەناری هەڵەبجە بەپێی جۆرەکەی جیاوازە؛ باشترین جۆری کە "ساڵەخانی"ـیە، کیلۆی بە 2,000 دینارە. جۆرەکانی دیکەی وەک ئەمریکی و فەڕەنسی کیلۆیان بە 1,500 دینارە.

کەیوان فەریق، خاوەن باخی هەنار لە هەڵەبجە، دەڵێت: "نرخی هەنار لە بازاڕەکاندا لە 250 دینارەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە 2,000 دینار." ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە بنچینەی هەناری ناوچەکە "ساڵەخانی"ـیە، بەڵام کەشوهەوای هەڵەبجە بۆ چەندین جۆری دیکەش گونجاوە.

لە ڕووبەهەنارەوە تا بەرهەمی جوانکاری

یەکێک لە بەرهەمە گرنگەکانی هەنار، ڕووبەهەنارە. بە گوتەی کەیوان فەریق، بۆ دروستکردنی دوو لیتر ڕووبەهەنار، 50 کیلۆ هەنار پێویستە و یەک لیتر لە بازاڕدا بە 10 هەزار دینار دەفرۆشرێت. هەروەها لە 50 کیلۆ هەنار، دەتوانرێت 20 لیتر شەربەت دروست بکرێت.

زیاتر لە 10 ڕێگە بۆ قازانجکردن

هەنار تەنها وەک میوە نافرۆشرێت، بەڵکو دەتوانرێت بکرێت بە: شەربەت، ڕووبەهەنار، دەنکی هەناری وشکراوە، مرەبا، سۆس، زەیتی پزیشکی لە توێکڵەکەی، بەرهەمی جوانکاری و پاککەرەوە.

"باخداریی هەنار قازانجی باشە"

ئەو باخەوانە پێشنیاز بۆ ئەو کەسانە دەکات کە حەزیان لە باخدارییە، کاری باخداریی هەنار بکەن، چونکە "ئەگەر بە باشی خزمەتی دارەکانیان بکەن، قازانجی باشە."

کەناڵ8

04/11/2025