محەمەد شوکری: نرخی یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە نرخی یەکەی نیشتەجێبوون نەک هەر دابەزیوە، بەڵکو پێشبینی دابەزینی زیاتریشی لێدەکرێت. هاوکات، ئاشکرای کرد کە تا ئێستا مۆڵەت بە دروستکردنی 300,000 یەکەی نیشتەجێبوون دراوە و پڕۆژەیەکی نوێش بۆ کرێنشینان لەبەردەستە.
"300 هەزار یەکە مۆڵەتیان پێدراوە"
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، محەمەد شوکری ئامارەکانی خستەڕوو و وتی، "دەستەی وەبەرهێنان لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە مۆڵەتی بە دروستکردنی 250,000 یەکەی نیشتەجێبوون داوە." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە وەزارەتی شارەوانیش مۆڵەتی بە 50,000 یەکەی دیکە داوە، کە کۆی گشتی دەکاتە 300,000 یەکە.
"نرخەکان گونجاوتر بوون"
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و وتی، "نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون دابەزیوە و زیاتریش دادەبەزێت، ئێستا نرخەکان بە بەراورد بە ڕابردوو زۆر گونجاوترن." ئەو هەروەها ئەوەشی دووپاتکردەوە کە ژمارەیەکی زۆر شوقە و خانووی بەتاڵ لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخەکان دادەنێت.
"پڕۆژەیەک تایبەت بە کرێنشینان"
شوکری مژدەیەکی دایە کرێنشینان و ڕایگەیاند، "لە داهاتوویەکی نزیکدا، پڕۆژەیەکی نوێ بۆ دروستکردنی 20,000 یەکەی نیشتەجێبوون جێبەجێ دەکەین." ئەو ڕوونیکردەوە کە ئەم یەکانە بە قیستی درێژخایەن دەدرێن بە کرێنشینان، تاوەکو ئەوانیش بتوانن ببنە خاوەنی ماڵی خۆیان.
05/11/2025