پڕۆژەیەک دەنگی خەڵک بۆ بۆشایی ئاسمان دەنێرێت
نزیکەی 50 ساڵ لەمەوپێش، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ناسا، تۆماری زێڕینی ڤۆیەجەری ناردە بۆشایی ئاسمان وەکو نامەیەک بۆ دەرەوەی زەوی، تۆمارەکە کە بە زێڕ ڕووپۆشکرابوو، دەنگ و وێنەی مرۆڤەکانی لەسەربوو، وشەی سڵاوی بە چەندین زمانی جیاواز تێدابوو، تاوەکو زیندوەرانی دیکە ئەگەر لە دەرەوەی زەوی هەبن، بیدۆزنەوە و مرۆڤ بناسن.
پەیامەکان جۆراوجۆرن
ئێستا دەستپێشخەرییەکی هاوشێوە لەلایەن مۆزەخانەی پاوەرهاوس و پەیمانگەی ماساچوستس بۆ تەکنەلۆجیا دەستپێکراوە، خەڵک دەتوانن پەیامێک تۆماربکەن تاوەکو بنێردرێت بۆ بۆشایی ئاسمان بەو هیوایەی بدۆزرێتەوە.
ئەو پەیامانەی تاوەکو ئێستا تۆمارکراون، پێکهاتوون لە قسەی جۆراوجۆر، هەر لە هۆنراوەوە تاوەکو ئەوەی دەگاتە باسکردنی بەتامیی جبسی پەتاتە.
هەموو کەسێک دەتوانێت پەیام بنێرێت
ناوی پڕۆژەکە هیومانسە، ئامانجی ناردنی هەزاران پەیامی تۆمارکراوە بۆ بۆشایی ئاسمان، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا و بەشێکی دیکەیە لە تۆماری زێڕینی ڤۆیەجەر کە لە ساڵی 1977 نێردرا بۆ بۆشایی ئاسمان.
بڕیارە لە ساڵی 2027ـدا ئەرکی هیومانس بنێردرێت بۆ قوڵایی بۆشایی ئاسمان، لە یادی پەنجایەمین ساڵیادی ئەرکی ڤۆیەجەر.
پێویست ناکات کەشتیوانی ئاسمانی بیت بۆ ئەوەی پەیامێک بنێریت بۆ بۆشایی ئاسمان، هەموو کەسێک لە هەر شوێنێکی جیهانەوە بێت، تاوەکو مانگی کانوونی دووەم مۆڵەتی هەیە، پەیامەکەی بەشێوەی ئۆنڵاین لەڕێگەی وێبسایتی پڕۆژەکەوە تۆماربکات و بینێریت.
05/11/2025