گرانترین قاوەی جیهان لە دوبەی دەفرۆشرێت

لە دوبەی گرانترین قاوە دەفرۆشرێت لەلایەن قاوەخانەیەکەیەوە کە ناوی "جولید"ـە و نرخی یەک کوپ قاوە نزیکەی هەزار دۆلارە.

مانگی ڕابردوو، ناوی دوبەی چووە ناو کتێبی تۆمارەکانی گینسەوە بۆ فرۆشتنی گرانترین کوپی قاوە، کە یەک کوپ بە نرخی 680 دۆلار فرۆشرا، بەڵام ئەم کوپە قاوەیەی ئێستا کە بووەتە گرانترین لە جیهان، نرخەکەی 980 دۆلارە و ئەو ریکۆردەی شکاندووە.

سەرکان ساگسوز، دامەزرێنەری قاوەخانەی جولید لەبارەی تامی ئەو قاوە گرانبەهایەوە دەڵێت: لە کوپە قاوەکەدا تامی گوڵی سپی وەکو یاسەمین دەکەیت، لەگەڵ تامی ترشەمەنی وەکو پرتەقاڵ، لالەنگی لەگەڵ هەندێک میوەی وەکو قەیسی و قۆخ."

نرخە نوێکە، بەشێک لە دانیشتووانی سەرسامکردووە، بەڵام هەندێکیشیان دەڵێن کە دوبەی بە خۆشگوزەرانییەکەی ناسراوە و ئەم قاوەیەش بەشێکە لەو خۆشگوزەرانییە.

قاوەخانەی جولید ئەوەی ئاشکراکردووە، کە هۆکاری گرانی قاوەکە ئەوەیە کە پاش ململانێیەکی درێژ و سەخت کە چەند کاتژمێرێکی خایاندووە، دەنکۆڵەی قاوەکەی لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە کۆماری پەنەما کڕیوە و زۆرترین پارەی داوە بۆ بردنەوەی زیادکردنەکە، بۆیە بەو گرانییە دەیفرۆشێتەوە.

بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکیش ئاشکرایانکردووە، 20 کیلۆیان لە قاوەکە بە بڕی 600 هەزار دۆلار کڕیوە و بەنیازن 400 کوپ قاوەی لێدروست بکەن.

کڕیارانی ئاسیایی، عاشقانی قاوەی ئیماراتی و کۆکەرەوەی قاوە، پەیوەندییان بە قاوەخانەکەوە کردووە بەو هیوایەی هەندێک لەو قاوەیە بەدەستبهێنن، بەڵام قاوەخانەکە ڕایگەیاندووە نیازی نییە قاوە گرانبەهاکە بدات بە کەسی دیکە، جگە لە بەشێکی کەم کە بۆ بنەماڵەی فەرمانڕەوای دوبەی تەرخانکراوە.