گەنجینەیەکی توت ئانخ ئاموون بۆ یەکەمجار لە مۆزەخانەی میسر نمایشدەکرێت
بۆ یەکەمجار لە مۆزەخانەی گەورەی میسر گەنجینەیەکی توت ئانخ ئاموون نمایشکراوە, هەموو ئەو پارچانە لەخۆدەگرێت کە لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا دۆزراونەتەوە.
رۆژی شەممە مۆزەخانەی گەورەی میسر لە رێوڕەسمێکی تایبدا کرایەوە، کە سەدان هەزار پارچەی مێژوویی لەخۆدەگرێت.

لە بەشێکی مۆزەخانەکەدا تەواوی ئەو پارچانە نمایشکراون کە تایبەتن بە توت ئانخ ئاموون، کە لە کاتی دۆزینەوەی گۆڕەکەیەوە تاوەکو ئێستا کۆکراونەتەوە.
لە کۆمەڵەکەدا، ماسکە ئاڵتوونییەکەی توت ئانخ ئاموون نمایشکراوە کە سێ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا حوکمڕانی میسری کۆنی کردووە، لەپاڵیشیدا چەندین پارچەی خێزانەکەی و شتومەکەکانی نمایشکراون.

هەر لەو هۆڵەدا کە گەنجینەکەی توت ئانخ ئاموونی تێدایە، 4500 پارچە نمایشکراون کە هاورد کارتەر زانای بواری شوێنەوار ساڵی 1922 دۆزیویەتییەوە، لەوانەش گالیسکەی جەنگی، پێداویستی ناوماڵ و خشڵی زێڕ و بەردی پیرۆز.
توت ئانخ ئاموون یەکێکە لە فیرعەونە بەناوبانگەکانی میسر، کە بەپێی گوتەی زانایان لە تەمەنی 19 ساڵیدا، نۆ ساڵ پاش وەرگرتنی حوکمڕانی کۆچی دوایی کردووە، پاش پشکنینیش بۆ لاشە مۆمیاکراوەکەی دەرکەوتووە کە بە مەلاریا و نەخۆشی ئێسک گیانی لەدەستداوە.





05/11/2025