کێشەی خوێندکارانی خوێندنگەکەی چەمچەماڵ چارەسەرکرا
دوای ئەوەی لە بەرنامەی نامەکانی هەشتی کەناڵ8 باسی کێشەی دەوامی ئەو خوێندکارانە کرا، کە لە خوێندنگەی تاڤگەی چەمچەماڵ دەوامیان دەکرد، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، کێشەکەیان چارەسەر کراوە.
کێشەکە نەبوونی بینا بووە
بەهۆی کێشەی نەبوونی جێگە و بیناوە، ناچار خوێندنگەی تاڤگە لە چەمچەماڵ سێ دەوامی تێدا دەکرا، بەو هۆیەشەوە بەشێک لە خوێندکارەکان کاتی تەواوبوونی دەوامیان دەکەوتە دڕەنگ و نزیکی کاتژمێر هەشتی شەو، ئەوەش کەسووکاریانی نیگەران کردبوو.
مەترسی هەبووە خوێندکارەکان نەتوانن دەوام بکەن
کەسوکاری بەشێک لەو خوێندکارانە ڕایانگەیاندبوو، ئەگەر بێتوو کێشەکەیان چارەسەر نەکرێت، ئەوا ئەوان ناتوانن کچەکانیان بنێرنەوە بۆ خوێندن تا کێشەکەیان چارەسەر دەبێت.
پەروەردەی سلێمانی کێشەکەی چارەسەر کرد
نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە کەناڵ8 راگەیاند، کێشەی خوێندکارانی تاڤگە چارەسەر کرا و لە ئێستادا گوێزراونەتەوە بۆ بینایەکی نزیک لە خوێندنگەکەی خۆیان و دەوامەکەیان لە کاتی خۆیدا تەواو دەبێت.
فەرمانەکانی هەڵوەشاندووەتەوە
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی دوو قوتابخانەی بنەڕەتی تێکەڵکرابوون، هەریەکە لە قوتابخانەی گەشبین و هیوا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کەمی میلاک، دوای ئەوەی ئامادەیی تاڤگەی ئێواران هاتبووە یەکێک لە باڵەخانەکانی ئەو قوتابخانەیە، ئەوەش کێشەی بۆ ئەو قوتابخانەیە دروستکردبوو، لیژنەیەکی ئیشراف چووەتە قوتابخانەکە و راپۆرتی لیژنەکەیان پەسەند کردووە، فەرمانەکانی هەڵوەشاندووە و وەکوو خۆیان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و کێشەی دەوامیان نابێت
05/11/2025