ئەنجلینا جولی لە ئۆکرانیا تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو و بێزارکەر بوو
ئەرکە مرۆییەکەی ئەنجلینا جولی، ئەکتەری بەناوبانگ و باڵوێزی نیازپاکی یونیسێف، لە ئۆکرانیا بە ڕووداوێکی نەخوازراو و بێزارکەر کۆتایی هات.
میدیاکانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، کە لە کاتی سەردانی جولی بۆ خێرسۆن لە ڕۆژی سێشەممەدا کارمەندانی سەنتەری سەربازی ئۆکرانیا یەکێک لە ئەندامانی تیمی تایبەتی ئەنجلینا جولیان دەستگیرکرد، ئەمەش ئەکتەرەکەی ناچار کرد دەستوەردان بکات بۆ ئازادکردنی.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" بەرپرسێکی ئۆکرانی رایگەیاندووە، یەکێک لە ئەندامانی گرووپی یاوەریکردنی تایبەتی جولی لە خاڵێکی پشکنین لە ناوچەی میکۆلایف تووشی کێشە بووە لەگەڵ سەربازەکاندا، هەرچەندە کێشەکە چارەسەرکراوە بەڵام دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا هێشتا هەوڵدەدەن وردەکارییەکانی ڕووداوەکە بزانن.
هاوکات، هێزە زەمینییەکانی سوپای ئۆکرانیا بەیاننامەیەکی چوار بڕگەییان بڵاوکردەوە کە وردەکاریی ڕووداوەکەی تێدابوو، بەڵام دواتر سڕییانەوە و بە "پۆلیتیکۆ"ـیان ڕاگەیاند کە ناتوانن وردەکارییەکانی ڕووداوەکە پشتڕاست بکەنەوە یان ڕەتی بکەنەوە.
ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوەدا کە جولی سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی جەنگی کردووە بۆ پشتگیریکردنی منداڵانی ئاوارە و زیانلێکەوتوو.
ئەمەش یەکەم جار نییە جولی سەردانی ئۆکرانیا دەکات لەدوای دەستپێکردنی هێرشی رووستا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ـدا، پێشتر سەردانی لڤیڤ و کیێڤی کردووە.
06/11/2025