زنجیرە"All's Fair"ـی کیم کارداشیان: شکستێکی گەورە یان ستراتیژییەکی ژیرانە؟
زنجیرەی نوێی "All's Fair" بە بەشداری کیم کارداشیان، نیسی ناش و نایۆمی واتس، کە سێشەممەی ڕابردوو لە پلاتفۆرمی هوولو پەخشکرا، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا، بەڵام ئەم ناوبانگبوونە بە گشتی بە مانایەکی ئەرێنی نییە.
ئەم زنجیرە 10 ئەڵقەیییە لە دەرهێنانی ڕایان موورە و چیرۆکەکەی باس لە کۆمپانیایەکی پارێزەرایەتی دەکات کە لەلایەن ژنێکەوە بەڕێوەدەبرێت و هەوڵدەدات کەسایەتی ژنی بەڕێوەبەر نیشان بدات، بەڵام زۆر بەخێرایی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە، تا ڕادەیەک کە لە ماڵپەڕی "Rotten Tomatoes" نمرەی سفر وەرگرت.
ڕۆژنامەی "تایمز" ئەم زنجیرەیەی بە "هەڵبەزینەوەیەکی زۆر لە ئینستاگرام، دانراو لە چوارچێوەیەکی ئاڵۆزی پچرپچر و ناتەواو" وەسف کرد.
هەروەها ڕۆژنامەی "The Wrap" پێی وابوو کە ئەم زنجیرەیە بریتییە لە "وێنەیەکی کارتۆنی کلیشەیی لە تێگەیشتنی پیاو بۆ درامای ژنان" و "کاروانێک لە قژە دەستکرد و هاوارکردن بۆ دۆزینەوەی ڕاستی".
ڕۆژنامەی "USA Today" ڕاستەوخۆ چووە سەر خاڵە سەرەکییەکە و لە ناونیشاندا نووسیویەتی: "زنجیرەی All's Fairی کیم کارداشیان خراپترین بەرنامەی تەلەفزیۆنی ئەم ساڵە".

ئالیسۆن هێرمان لە گۆڤاری "ڤارایتی" لە پێداچوونەوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە: "کارداشیان خۆی شەرمەزار ناکات، چونکە ڕۆڵەکەی زۆر شتی لێ ناخوازێت".
ئاماژەی بەوەش داوە، دیمەنەکانی زنجیرەکە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دیزاین کراون کە بۆ بڵاوکردنەوە لە ئینستاگرام گونجاو بن، و ڕەنگە ئەمە ستراتیژی دەرهێنەر بووبێت لە سەرەتاوە.
ماڵپەڕی سی ئێن ئێنیش لەو بارەیەوە دەڵێت، هەموو ئەمانە دەتوانن ئاماژە بن بۆ ئەوەی کە ئەم زنجیرەیە بە ئەنقەست بۆ ئەوە دیزاین کرابێت کە خراپ بێت، چونکە زۆرکات دیمەنە زۆر خراپ و زیادەڕۆییەکان دەکرێت ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە 30 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر نمایشی فیلمی "Showgirls" کە رەخنەی توند و دووبارەی زۆری لێگیرا، تەنانەت چەندین کەس پێشنیاز دەکەن کە تەماشا بکرێتەوە، چونکە بووەتە نمونەیەکی دیار لە لیستی فیلمە خراپەکاندا.
06/11/2025