لیبیا دەستیکرد بە بۆردومانکردنی بەلەمی کۆچبەران

تێکشکانی بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی لیبیا
تێکشکانی بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی لیبیا

حکومەتی ڕاگوزەری لیبیا ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە لێدانی ئەو بەلەمانەی کە بۆ گواستنەوەی کۆچبەری نایاسایی بەکاردەهێنرێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە بووەتە ڕێگەیەکی سەرەکیی کۆچی گەنجانی کورد بەرەو ئەوروپا.

هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بەلەمەکان

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی لیبیا، لە ڕێگەی "هێرشی ئاسمانیی وردەوە" چەند بەلەمێک لە بەندەری زوارە لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە کراونەتە ئامانج. ئۆپەراسیۆنەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری بووە لەسەر جوڵەی قاچاخچییەکان و هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.

"بەرەنگاریی بازرگانی بە مرۆڤ"

حکومەتی لیبیا جەخت دەکاتەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکاندایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی بازرگانی بە مرۆڤ و پاراستنی وڵاتەکەیان لە کاری نایاسایی.

ڕێگەی گەرمی گەنجانی کورد

ماوەیەکە لیبیا بووەتە دوا وێستگەی گەنجانی کورد بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەوروپا، بەتایبەتی ئیتاڵیا. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە 450 هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە لیبیا.

مەترسییەکان و گەڕانەوە

چالاکوانان بەردەوام هۆشداری دەدەن لە مامەڵەی خراپی قاچاخچییەکان و ئەو دۆخە ناهەموارەی کە کۆچبەران تێیدا دەستبەسەر دەکرێن. هەر لەمساڵدا، 344 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.