"ئەردۆغان دیکتاتۆرە"؛ ئیسرائیل بە توندی وەڵامی تورکیا دەداتەوە
دوای ئەوەی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 31 سەرکردەی باڵای ئیسرائیل، لەنێویاندا بنیامین ناتانیاهۆ، دەرکرد، تەلئەبیب بە توندی هاتە دەنگ و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی بە "دیکتاتۆر" ناوبرد.
فەرمانی دەستگیرکردنەکە بۆ کێیە؟
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ بڕیارەکەی بە تۆمەتی "ئەنجامدانی جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی لە غەززە" دەرکردووە. دیارترین ئەو کەسانەی فەرمانەکەیان بۆ دەرچووە بریتین لە:
بنیامین ناتانیاهۆ: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
یسرائيل کاتز: وەزیری بەرگریی ئیسرائیل
ئیتمار بن غەفیر: وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی
ئیال زامیر: فەرماندەی سوپای ئیسرائیل
وەڵامی ئیسرائیل
گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیای بە "دیکتاتۆر" ناوبردووە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەکی خێرا بۆ بڕیارەکەی دادگای ئیستانبوڵ.
گرژییەکانی پێشووتر
ئەم ئاڵۆزییە نوێیە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو، بنیامین ناتانیاهۆ بە توندی ڕەتیکردەوە هێزی تورکیا بەشداری لەو هێزە نێودەوڵەتییەدا بکات کە بڕیارە لە غەززە جێگیر بکرێت و وتی: "هیچ هێزێکی تورکیا لە کەرتی غەززەدا نابێت".
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە گرژیی تێکەوتووە، کە دواتر بەهۆی پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپەوە ئاگربەستێکی ناسەقامگیر لە ناوچەکەدا هاتە ئاراوە.
08/11/2025