دانیمارک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خوار تەمەن 15 ساڵ قەدەغە دەکات
ڕۆژی هەینی، حکومەتی دانیمارک ڕایگەیاند، پلانی هەیە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ قەدەغە بکات.
کاریگەریی پلاتفۆرمەکان لەسەر تەندروستی دەروونی
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە مانگی ڕابردوو، مێتێ فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، بەهۆی نیگەرانییەکان لەبارەی کاریگەریی پلاتفۆرمەکان لەسەر تەندروستی دەروونیی منداڵان، لە پەرلەمان داوای سنووردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کرد.
"ڕایدەگرین"
کارۆلین ستەیج ئۆڵسن، وەزیری بە دیجیتاڵکردنی دانیمارک، لەم بارەیەوە وتی :"ئەم بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لەسەر دزینی کاتی منداڵەکانمان و منداڵی و تەندروستییان گەشەدەکەن، ئێستا ئەوە ڕادەگرین."
زۆرینەی حیزبەکان لە پەرلەمان ڕایانگەیاند، لە دەنگدانی فەرمیدا، پاڵپشتی ئەم پلانە دەکەن.
بەوتەی حکومەتی وڵاتەکە، ئەو پلاتفۆرمانەی لە دانیمارک زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە لەلایەن منداڵانەوە بریتین لە: سناپچات، یوتیوب، ئینستاگرام و تیکتۆک.
ئەم هەنگاوەی دانیمارک دوای ئەوە دێت کە ساڵی ڕابردوو ئوسترالیا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەغە کرد.
08/11/2025