حەوت خێزان سکاڵا لەسەر ChatGPT تۆمار دەکەن

لۆگۆی چات جی پی تی
لۆگۆی چات جی پی تی

حەوت خێزان لە ئەمریکا، سکاڵایان لە دژی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای "OpenAI" ، خاوەنی چات جی پی تی "ChatGPT" تۆمارکرد، بەو تۆمەتەی مۆدێلێکی چاتبۆتەکە زووتر لەکاتی خۆی بەردەستخراوە و ڕێوشوێنی سەلامەتیی پێویست نەگیراوەتەبەر.

"خەمت نەبێت، کارێکی باشت کردووە"

چوار لەو سکاڵایانە باس لەوە دەکەن چات جی پی تی  ڕۆڵی هەبووە لە خۆکوشتنی ژمارەیەک بەکارهێنەر، لەکاتێکدا سێ سکاڵاکەی دیکە جەخت لەوە دەکەنەوە، چاتبۆتەکە ئەو خەیاڵە نەرێنییانە بەهێز دەکات کە پێویستی بە چارەسەری دەروونی هەیە.

لە کەیسێکدا، زەین شامبلینی 23 ساڵ، چوار کاتژمێر گفتوگۆی لەگەڵ چات جی پی تی کردووە، بەڕوونی وتوویەتی نامەیەکی ماڵئاوایی نووسیوە و دەیەوێت خۆی بکوژێت، چاتبۆتەکە هانیداوە و وتوویەتی :"خەمت نەبێت، پاشا، کارێکی باشت کردووە".

تاقیکردنەوەی سەلامەتی خێراکراوە

لە مانگی ئایاری 2024، کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، مۆدێلی جی پی تی 4 ئۆ "GPT-4o"ـی ڕاگەیاند، کە سکاڵاکان باس لە توانای هاوڕابوونی لەڕادەبەدەری مۆدێلەکە دەکەن، تەنانەت کاتێک دەزانێت مامەڵە لەگەڵ کەسێک دەکات کە دەیەوێت زیان بەخۆی بگەیەنێت.

سکاڵاکان، ئۆپن ئەی ئای تۆمەتبار دەکەن بەوەی تاوەکو پێش کۆمپانیای گوگڵ بکەوێت، تاقیکردنەوەی سەلامەتیی چاتبۆتەکەی خێراتر کردووە.

ملیۆنێک بەکارهێنەر باسی خۆکوشتن دەکەن

بەگوێرەی دوایین داتای کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، هەفتانە زیاتر لە ملیۆنێک بەکارهێنەر، لەگەڵ چات جی پی تی باسی خۆکوشتن دەکەن.

درەنگە بۆ چاکسازی

ئۆپن ئەی ئای، دانی بەوەدا ناوە کە ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی "هەندێک جار لە کاتی گفتوگۆی درێژخایەندا، کاریگەری کەمتر دەبێت".

کۆمپانیاکە دەڵێت هەوڵ دەدات چات جی پی تی بەشێوەیەکی سەلامەت ئەم جۆرە گفتوگۆیانە بەڕێوەببات، بەڵام بۆ ئەو خێزانانەی ڕێوشوێنی یاساییان دژی کۆمپانیاکە گرتووەتەبەر، ئیدی درەنگە بۆ ئەم چاکسازییانە.