لە چین خواست زنجیرە بەرهەمهێنراوەکان بە ژیریی دەستکرد زیادی کردووە

لە وڵاتی چین خواستێکی زۆر لەسەر ئەو زنجیرانە هەیە کە بە ژیریی دەستکرد دروستکراون، بە گوتەی بینەرەکانیش، زنجیرەکان هەمان سیمای زنجیرەکانی پێشووتریان هەیە بە نمونە ئەژدیها و پاڵەوانی خاوەن توانای جیاواز لە خۆدەگرێت، تەنها جیاوازییەکەی لەوەدایە کە بە ژیریی دەستکرد بەرهەمهاتووە.

50 ملیۆن بینەری تێپەڕاندووە

یەکێک لە زنجیرەکان کە ناوی "ئاوێنە نامۆکەی شاخ و دەریا"ـیە، 50 ملیۆن بینەری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدەستهێناوە، کەسانێکی زۆر بە جۆش و خرۆشەوە چاوەڕوانی هاتنی ئەڵقە نوێیەکانی دەکەن.

بەڵام ئەم دیاردەیە ترسی دروستکردووە لەلای بەرهەمهێنەران چونکە دەکرێت بە نەرێنی کاریگەریی لەسەر هەلی کار و مافی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان دروست بکات.

30 چرکە تێناپەڕێنن

بەرهەمهێنەر و دروستکەری ئەو زنجیرەیەش کە ناوی چین کونە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، ئەڵقە کورتەکانی ئەم زنجیرەیە 30 چرکە تێناپەڕێنن، وا دروستکراون کە گونجاوبن بۆئەوەی بە مۆبایل تەماشابکرێن، چونکە بینەران لە رێگەی مۆبایلەوە کەمتر هەڵە بەدیدەکەن لە دیمەنەکاندا بەراورد بە تەلەفیزیۆن.

کون دەڵێت: هەرچەندە ژیریی دەستکرد نەگەیشتبێتە ئاستی کوالیتی سینەمایی، بەڵام دەتوانێت پێویستییەکانی زنجیرەیەکی کورتی سەرەتایی پڕ بکاتەوە.

چینییەکان لە ئێستادا داوای زنجیرەی زیاتری لەم جۆرە دەکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند زنجیرەیەکی لەم جۆرە سەرکەوتنێکی باشیان بەدەستهێناوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.