کۆمپانیایەک ڕۆبۆتەکەی هەڵدەوەشێنێت تا بیسەلمێنێت مرۆڤی تێدا نییە

ڕۆبۆتی ئایرۆن
ڕۆبۆتی ئایرۆن

پاش ئەوەی ڕۆبۆتێکی هاوشێوی مرۆڤی کۆمپانیایەکی چینی بووە جێگەی مشتومڕ، لە ڤیدیۆیەکدا کۆمپانیاکە ڕۆبۆتەکەی هەڵوەشاند، تاوەکو پیشانی بدات هیچ مرۆڤێک لە ناوەوەی نییە و تەنیا ئامێرێکە.

"ڕۆبۆت نییە و لە ناوەوە مرۆڤێک هەیە"

کۆمپانیای شی پێنگ، ڕۆبۆتێکی هاوشێوەی مرۆڤی بەناوی ئایرۆن ڕاگەیاند، لە ڤیدیۆیەکدا دەبینرێت ڕۆبۆتەکە بە ڕێگادا چەند هەنگاوێک دەڕوات، بەڵام هێندە ڕاستەقینە دەردەکەوێت، هەر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە جێگەی مشتومڕ، بەشێک لە بەکارهێنەران باوەڕیان وابوو کە "ڕۆبۆت نییە و لە ناوەوە مرۆڤێک هەیە".

بەرگی ڕۆبۆتەکە دەدڕێنن

دواتر تاوەکو کۆمپانیاکە پشتڕاستی بکاتەوە ئایرۆن ڕۆبۆتە و لە ناوەوەی هیچ مرۆڤێک نییە، لە ڤیدیۆیەکدا، کارمەندێکی کۆمپانیاکە دەستدەکات بە دڕاندنی بەرگی ڕۆبۆتەکە تاوەکو پیشانی بدات لە ژێر ئەو بەرگەدا، ئامێرێک هەیە و مرۆڤ نییە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەش ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک لە تەنیشت ئایرۆن وەستاوە، گوێی لە دەنگی سیستمی ئاڵوگۆڕی هەوا و ساردبوونەوەی ناوەکی دەبێت، هەر لە ڤیدیۆکەدا دەستەکانی ڕۆبۆتەکە و مایکرۆفۆنێک لە نزیک گوێی پیشان دەدات.

قسەکردنی لە ئاستێکی پێشکەوتوودایە

بەگوێرەی کۆمپانیاکە، ڕۆبۆتەکە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکردی شی پێنگ بەکاردەهێنێت، بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە ئاستێکی پێشکەوتوو وەکو قسەکردن، ڕۆیشتن و کارلێکردن، کۆمپانیاکە لە کۆتایی 2026ـدا بەرهەمهێنانی گەورەی ڕۆبۆتەکە دەستپێدەکات.