پزیشکیان: کێ کێشەی کەمئاوی پێی چارەسەر دەکرێت با بێت و بیکات
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە زمانێکی ڕاشکاوانە دانی بە قەیرانە قووڵەکەی کەمئاویدا نا کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە. ئەو داوای کرد واز لە دژایەتیی سیاسی بهێنرێت و وتی، دەرگا کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە بتوانێت چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بهێنێت.
دۆخی بەنداوەکان چۆنە؟
قسەکانی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی کەمئاوی بووەتەوە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی وزەی ئێران:
کۆی گشتیی ئاوی گلدراوە لە بەنداوەکاندا نزیکەی 39 ملیار مەتر سێجایە.
ئەم بڕە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 20% کەمیکردووە.
زیاتر لە 60%ـی بەنداوەکانی ئێران، کەمتر لە نیوەی توانای خۆیان ئاویان تێدایە.
پزیشکیان: نە من باران دەنێرم، نە بیرەکان تەنها هی منن
سەرۆککۆماری ئێران لە وتارێکیدا لەناو پەرلەمانی وڵاتەکەی، بە زمانێکی جیاواز لە سیاسەتمەدارانی پێشوو، ڕووبەڕووی ڕەخنەگران بووەوە و وتی:
"دەڵێن ئێمە هۆکاری دروستکردنی کێشەکانین، باشە با ئێمە بین! بەڵام نە من باران دەنێرم، نە بیرەکان تەنها ماڵی منن. بیر ماڵی هەموومانە و بارانیش کە خودا دەینێرێت، دەبێت بە دروستی بەکاریبهێنین."
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا داوای هاوکاریی کرد و وتی:
"ئەوانەی دەڵێن توانامان نییە، دە فەرموو خۆتان وەرن بیکەن... ئیتر پێویست بە دژایەتی ناکات. وەرن هاوکاری بکەن با پێکەوە ڕێگری لە زیادەڕەوی بکەین و ئیدارەیەکی باشی بدەین."
12/11/2025