دانەغاز؛ ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەگوازینەوە بۆ سووریا
کۆمپانیای دانەغاز گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ حکومەتی سووریا واژۆ کرد بۆ بەرهەمهێنانی گازی سروشتی، ئەمەش لە کاتێکدایە بەرهەمی گازی ئەو وڵاتە بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش دەڵێت، "ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەگوازینەوە بۆ کێڵگە گازییەکانی سووریا."
گرێبەستێک بۆ بوژاندنەوەی کەرتی وزەی سووریا
دانەغاز یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی سووریا واژۆ کردووە بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی "ئەبو ڕباح" و چەند کێڵگەیەکی دیکەی ناوەڕاستی سووریا.
ئەمە یەکەم گرێبەستی لەم شێوەیەیە کە لەدوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا واژۆ دەکرێت.
دابەزینی بەرچاوی بەرهەمی گاز لە سووریا
بەرهەمی گازی سروشتیی سووریا بەهۆی زیانەکانی شەڕی ناوخۆییەوە بەشێوەیەکی دراماتیکی کەمیکردووە:
ساڵی 2011: بەرهەمی ساڵانە 8 ملیار و 700 ملیۆن مەتر سێجا بووە.
ساڵی 2023: بەرهەمی ساڵانە بۆ نزیکەی 3 ملیار مەتر سێجا دابەزیوە.
ئامانجی گرێبەستە نوێیەکە پاڵپشتیکردنی حکومەتی سووریایە بۆ زیادکردنی بەرهەمی گاز، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا.
دانەغاز لە هەرێمی کوردستان
کۆمپانیای دانەغاز، کە لە ئیمارات و میسریش کار دەکات، ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
کۆمپانیاکە تەنها لە کێڵگەی کۆڕمۆر ڕۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەمدەهێنێت. ڕیچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، "دەتوانین جیاوازییەکی ڕاستەقینە لە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە سووریا دروست بکەین."
13/11/2025