ئەمریکا تەنیا یەک جۆر کانزای دەگمەنی هەیە
چین بەهۆی کۆنترۆڵکردنی بازاڕی کانزا دەگمەنەکانەوە بووەتە خاوەن گوشارێکی جیۆپۆلەتیکیی بەهێز، بەتایبەت بەرامبەر بە ئەمریکا کە لە کۆی 17 جۆر کانزای دەگمەن، تەنها یەک جۆری لە خاکەکەیدا هەیە. ئەم کانزایانە بۆ پیشەسازیی تەکنەلۆژی و سەربازیی مۆدێرن.
کانزا دەگمەنەکان چین و بۆچی گرنگن؟
لە جیهاندا 17 جۆری کانزا هەن کە بە "کانزا دەگمەنەکان" ناسراون. ئەمانە لە پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا بەکاردێن، وەک:
- ژیریی دەستکرد
- بزوێنەری ئۆتۆمبیلە کارەباییەکان
- فڕۆکەی جەنگی و مووشەکی زیرەک
- تۆرباینی با
ئەم کانزایانە پۆلێن دەکرێن بۆ دوو جۆری سەرەکی: قورس و سووک، کە هەریەکەیان لە بواری تایبەتدا بەکاردێن.
چین چۆن بازاڕی کۆنترۆڵ کردووە؟
چین باڵادەستییەکی نزیک لە مۆنۆپۆلی بەسەر ئەم بازاڕەدا هەیە:
- 70%ـی کانزا دەگمەنەکانی جیهان دەخاتە بازاڕەوە.
- 90%ـی موگناتیسە دەگمەنەکان بەرهەمدەهێنێت.
- 99.9%ـی کانزای "دیسپرۆسیۆم" بەرهەمدەهێنێت، کە کۆمپانیای تەکنەلۆژیی Nvidiaی ئەمریکی بۆ بەرهەمەکانی پشتی پێ دەبەستێت.
چەکێکی جیۆپۆلەتیک
گرنگیی ئەم کانزایانە وایکردووە ببنە ئامرازێکی سیاسی. هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی کانزاکان لەگەڵ ئۆکراینا و کڕینی گرینلاند، هەر لەپێناو دەستکەوتنی ئەم کانزا دەگمەنانەدا بوو بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین.
کاریگەرییەکانی لەسەر ئەمریکا
سنووردارکردنی هەناردەی ئەم کانزایانە لەلایەن چینەوە، زیانێکی گەورە بە دوو کەرتی سەرەکیی ئەمریکا دەگەیەنێت:
پیشەسازیی سەربازی: دروستکردنی درۆن، مووشەکی دوورهاوێژ و فڕۆکەی جەنگی ڕووبەڕووی کورتهێنان دەبێتەوە.
پیشەسازیی تەکنەلۆژیا: کۆمپانیا گەورەکانی وەک Nvidia و Apple ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە، چونکە بەرهەمەکانیان پشتیان بەو کانزایانە بەستووە.
13/11/2025