بۆچی دراوسێکانی مارک زوکەربێرگ بێزاربوون؟
ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی وایەرد "WIRED"ـی تەکنیکی، ژمارەیەک سکاڵای لەلایەن دراوسێکانی مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتاوە ئاشکراکردووە، لە دژی ئەو پێشێلکارییانەی زوکەربێرگ ئەنجامیداوە و دراوسێکانی بێزارکردووە، لە نێویشیاندا دروستکردنی قوتابخانەیەکە لەناو ماڵەکەیدا.
11 خانووی دیکەی داگیرکردووە
کاتێک بۆ یەکەمجار زوکەربێرگ لە شاری پاڵۆ ئاڵتۆ، لە ویلایەتی کالیفۆرنیا خانووەکەی کڕی، خەڵک دەترسان لەوەی کە نرخی خانوو لەو ناوچەیە بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو بەرز بکاتەوە.
ماڵپەڕەکە لە ڕاپۆرتەکەدا پشتڕاستی دەکاتەوە، شوێنی نیشتەجێبوونی زوکەربێرگ فراوان بووە و 11 خانووی دیکەی لە ناوچەکە داگیرکردووە، بۆ گەیشتن بە خانووی سەرەکی، هەموویان بەیەکەوە بەستراونەتەوە، ئەمە ئەو بابەتەیە ناڕەزایەتی دراوسێکانی لێکەوتووەتەوە.

قوتابخانەیەکی لە ماڵەکەیدا دامەزراندووە
لەگەڵ ئەوەشدا، لە ساڵی 2021، دانیشتووان تێبینی بوونی قوتابخانەیەکیان کرد لە ماڵەکەی زوکەربێرگ، کە لەپاڵ منداڵەکانی، 30 منداڵی خێزانی جیاوازی وەردەگرت و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاساکانی ناوچەی نیشتەجێبوون بوو لە پاڵۆ ئاڵتۆ.
300 سکاڵا دژی زوکەربێرگ تۆمارکراوە
ماڵپەڕی "وایەرد" پێداچوونەوە بەهەزار و 665 بەڵگەنامەی جیاوازدا کردووە، زیاتر لە 300 سکاڵای یاسایی سەبارەت بە قوتابخانەکە و پێشێلکاریەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی زوکەربێرگی تێدابووە.
هەروەها دراوسێکانی زوکەربێرگ سکاڵایان لەبارەی ژاوەژاوی بیناسازی بێزارکەر لە ناوچەکە و قەرەباڵغی و تەسک کردنەوەی شەقامەکان لەلایەن کۆمەڵێک کارمەندی مێتاوە کردووە.
قوتابخانەکە دەرگاکانی داخستووە
قوتابخانەی بی بی ئێس "BBS"، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2022 لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا دەرکەوت، کە دەکاتە ساڵێک پاش سکاڵای دراوسێکانی زوکەربێرگ، ڕاپۆرتەکەی وایەرد ئاماژە بەوە دەکات، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە فەرمییەکانی خێزانی زوکەربێرگ لەگەڵ تێبینی دراوسێکانیان، قوتابخانەکە لە مانگی ئازاری ئەمساڵ دەرگاکانی داخستووە.
13/11/2025