خوێندنەوەیەکی شیکاریی و مێژوویی بۆ سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب
گەرچی سروودی نیشتمانیی (ئەی ڕەقیب)، مێژووییەکی دێرینی نییە، بەڵام لە هەناویدا هەڵقوڵاوی مێژوویەکی سەدان ساڵەی پڕ ستەم و زۆردارییە، کە بەرامبەر خاک و نەتەوەی کورد کراوە، هەر بۆیە وەک دیارترین سروودی نەتەوەیی لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا ناسراوە، تا ڕادەیەکی زۆر تاکە سروودە کۆدەنگییەکی نەتەوەیی لەسەرە و بە جۆرێک لە سیمبولی نەتەوەیی دەزانرێت.
ڕاگوزەرێکی مێژوویی:
بۆ خوێندنەوەی بابەتیانە و شیکاریانە، پێویستە ڕاگوزەرێکی خێرا بەدەورانی مێژوویی دروستبوونی چەمکی نەتەوایەتی، هەستی ناسیۆنالستی و دەوڵەتی نەتەوەییدا بکەین، کە ئەوەش بە هەمان شێوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب مێژوویەکی زۆر دێرینی نییە، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتیی بۆ سەردەمی شۆڕشی فەرەنسی ساڵانی 1798دەگەڕێتەوە. هاوکات مێژوونووسان دەرکەوتنی یەکەمین سروودیش بەم قۆناغە مێژووییە دەبەستنەوە، بەتایبەت سروودی (لا مارسێلایز)، وەک یەکەمین سروود و گوزراشتی هەستی نەتەوەیی لە دەورانی شۆڕشی فەرەنسیدا دا دەناسێنن، کە لە دانراوی هونەرمەندی فەرەنسی (کلود ژوزف روژه دو لیلە، بۆ یەکەمجار لە ماڵی دیتریچ، سەرۆکی شارەوانیی ستراسبۆرگ) گۆرانییەکە گوتراوە. بە نزیکەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب 150 ساڵ لە دوای ئەو شۆڕشە لە گۆڕەپانێکدا و لەژێر ئاڵای کۆماری کوردستاندا خوێندراوە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ: چۆن سروودێک کە تەمەنی تەنیا 77 ساڵە، هەڵقوڵاوی مێژوویەکی سەدان ساڵەی میللەتێکە؟ وەڵام بۆ ئەمە، ئەگەر بە وردی بە نێو دیرۆکی زارەکی و ئەدەبیاتی کوردیدا گوزەر بکەین، مێژوویەکی ون لەناو هۆنراوەی گۆرانی، بەیت، لاوک، لاوانەوە، حەیران و حەیرانۆکی میللەتی کورددا دەدۆزینەوە.
بۆ نموونە:
ئەگەر بۆ سەردەمی خانی بگەڕێینەوە، دەبینین خانی، کە لەنێوان 1707-1751 دا ژیاوە، بەشێک لەو هەستە نەتەوایەتییەی کە زادەی ئەو سەردەمەی میللەتی کوردە، لەنێو دێڕەکانی مەم و زیندا بەیانکردووە. بە تایبەت لە دوو بەشی مەم و زیندا دەگەینە ترۆپکی هەستی نەتەوایەتی و لە هەمانکاتدا ئێمەش دەگەینە ترۆپکی ڕاستیی دەردە مێژوویی و هەمیشەییەکانی گەلی کورد.
بۆ نموونە: خانی لە بەیتێکدا دەنوسێت:
شـەرحا غەمێ دل بکەم فەسانە
زیــن و مــەمێ بـکەم بــەهانـە
لێرەدا خانی مەبەستی سەرەکی لە نووسینی مەم و زین ڕوونی دەکاتەوە، بە ئاشکرا دەڵێت بەهانەی هەیە بۆ نووسینی مەم و زین. لە بەشێکی دیکەدا لە پاڵ مەم و زیندا بە ڕوونی و ئاشکرا باسی لە بەهانەکە دەکات و دەنووسێت:
گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک
روم و عەرەب و عەجەم
تەمامی هەمیا
ژ مە را دکر غولامی
تەکمیل دکر مە
دین و دەولەت تەحلیل
دکر مە عیلم و حیکمەت
بە کورتی: نەبوونی یەکگرتوويی، سەرکردە، هۆکارێکە کە کورد ژێردەستەی ئەو نەتەوانەیە کە خانی ئاماژەی پێ کردوون. لێرەوە بە تەواوەتی دەگەینە ئەو بڕوایەی هەستی نەتەوایەتيی گەلی کورد پێش شۆڕشی فەرەنسی دەرکەوتووە. دواجار ئەم کۆژانە بە درێژایی مێژوو لەنێو هۆنراوەی شاعیرانی دوای خانی وەک: نالی، کوردی، سالم، حاجی قادر (ئامادەییان هەیە. هەمان گرفت و هەستی قووڵی نەتەوایەتی بۆ شاعیرانی مێژوویی هاوچەرخی ئەدەبیاتی کوردی درێژدەبێتەوە، کە دواجار لەنێو ئەندێشەی (دڵدار)دا لە سروودی ئەی ڕەقیبدا بە زمانێکی کورديی ڕەوان و تووندتر و لە فۆڕمی سروودی نیشتمانیدا خۆی دووبارە دەکاتەوە. سەردەمی عوسمانی و دەرکەوتنی سروودی کوردی عوسمانییەکان گەرچی هێزێکی داگیرکەربوون، بەڵام کاریگەریيان لە سەر دروستبوونی هەندێک کولتووری نوێی ئەو سەردەمە هەبووە، کە لە جیهاندا لە برەودابوون. بە تایبەت بە هۆی کردنەوەی قوتابخانە سەربازییەکان لە ناوچەکانی قەڵەمڕەويی عوسمانیدا، کە جگە لەوەی گرنگییان بە لایەنی سەربازی دەدا، لە ناواخندا سەرقاڵی دروستکردنی کەسایەتییەک بە تایبەتمەندی بیری عوسمانی بوون. بۆیە جگە لەوەی کە خوێندکارانی ئەم قوتابخانانە گۆش دەکران و لە ڕووی سەربازی بەکاری دەهێنان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا جۆرێک بوو، لە وەبەرهێنان لە توانای مرۆیيی مرۆڤی کورد و ئەو نەتەوانەی دی کە ژێردەستەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکان بوون، بە جۆرێک هەوڵی دەدا کرانەوە و پێشکەوتنەکانی ئەو سەردەمەیان پێ بناسێنێت. دەرئەنجام ئەو کەسانەی کە لێوەشاوە دەبوون، دوای خوێندن بەرەو (ئەرکانی سوپا) ئەستەنبوڵ بەڕێیدەکردن و بەرپرسیارێتيی سەربازی و حکوومی گرنگیی پێدەدان.
مێژووی دروستبوونی قوتابخانە سەربازییەکانی عوسمانی بەناوی ڕوشدیە، سەرەتا لە ساڵی ١٨٧٥ لە هەولێر و کەرکووک دەستی پێ کرد، پاشان لە ساڵی 1892 لە سلێمانی ئەم قوتابخانەی دروستکرد، کە بە شێوەیەکی لە کۆتایی و دواڕۆژەکانی سەردەمی عوسمانیدایە. بەپێی ئەو سەرچاوانەی بەردەستن، کولتووری سروود و گۆرانی لە
قوتابخانەکاندا و بەتایبەت لە باشووری کوردستان سەری هەڵداوە. بەڵگە بۆ ئەمە: هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە لەوانە: ڕەفیق چالاک، قادر دیلان، جەمال بابان، ڕەفیق حیلمی، شاکر فەتاح، لەنێو یاداشت و بەشێک لە سەرگوزشتەی ژیانیاندا باس لەم قوتابخانانە و ئەو سروودانە دەکەن کە پاشماوەی زارەکيی ئەم سەردەمەن.
بۆ نموونە: قادر دیلان دەڵێت:
لە تەمەنی گەنجێتیمدا بەڕێوەبەری قوتابخانەکەم پێی وتم:
[لەشکرە شڕەی عوسمانی هەندێک ئامێری مۆسیقیان لێ بەجێماوە، بڕۆ چیت دەوێ بیهێنە، تۆ حەز بە موزیک دەکەیت، منیش ئامێرێکی کلارنێتم هەڵگرت]. هەروەها ڕەفیق چالاک باسی ئەو ساڵانە دەکات و دەنووسێت:
[من لە ساڵانی ١٩٢٥ باندی مۆسیقام لە شەقامەکان دەبینی كە بە شەقامەکانی سلێمانیدا تێپەڕ دەبوون]. کەواتە گەواهییەک هەیە، کە ئەم کولتوورە بەشێکن لە کەلەپووری ئەم قوتابخانانە و ئەوان سەرچاوەیی یەکەم کراوەنەی ڕۆشنبیریی کورد بوون، لە هەمانکاتدا بەهۆی بوونی جوقی سەربازییەوە منداڵی کورد ئاشنای موزیک و سروودی نیشتمانی بوون.
دوای نەمانی عوسمانی و سەردەمی شێخ مەحموود بەهەمان شێوە دوای نەمانی عوسمانییەکان و هاتنی ئینگلیز و
دروستبوونی مەملەکەتی شێخ مەحموود، ئەم کولتوورە درێژدەبێتەوە.
ئینگلیزەکان کەمتر گرنگیان بە سروود دەدا زیاتر کاریان لەسەر دێدەوانی دەکرد. پاش گەڕانەوەی شێخ مەحموود لە هیندستان، یەکەمین سروودی تایبەت بە شێخ مەحموود لەلایەن (وەرزێر و پیرەمێرد بە ناوی سروودی ئیستقبال (بە پۆلێ مامۆستا و قوتابیی ئەو سەردەمە پێشکەشکرا، هەندێک بە یەکەم سروودی کوردی لە مێژوودا دادەنێن،
بەڵام بە بڕوای من ناتوانرێت بە ڕەهایی ئەمە بە یەکەم سروود دابنرێت، چونکە ئێمە هێشتا تەنیا کۆمەڵێک سەرەداوی زانیاریمان دەربارەی ئەم سەردەمە لە بواری موزیکدا بەردەستە. سەبارەت بە سروود لە قوتابخانەکانی سەردەمی شێخ مەحموددا، شاکر فەتاح لە یاداشتەکانیدا لە باسی منداڵیی خۆیدا دەگێڕێتەوە: کە بە دامەزراندنی مەملەکەتی شێخ هەستیان بە ئازادی و سەربەرزيی زیاتر دەکرد، قوتابخانە کۆنەکانی سەردەمی ئینگلیز لە دوو قوتابخانەوە کران بە چوار قوتابخانە، ڕۆژانە ئێمە لە ژێر ئاڵای مەملەکەتی شێخ مەحمووددا سروودی (بژی خونکار) مان دەگوت، شێخ مەحموود بەڵێنی
پێداین کە ئامێری موزیکیمان بۆ دابین بکات، تا ڕۆژانە بە موزیکەوە سروودی بژی خونکار بڵێینەوە].
ئەم کولتووری سروود خوێندنە لە قوتابخانەکانی باشووردا بە درێژایی ئەم مێژووە بەردەوام دەبێت.
جگە لەوە ئەگەر بڕوانینە لاپەڕەی چاپەمەنیی سەردەمی کۆماری کوردستان، وشەی سروودی نەتەوەیی دەبینین، لە هەمان کاتدا مارشی نەتەوەیی دەبینین. بەتایبەت لەو بەشەی هەواڵی ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەدا، کە لە بۆنەکاندا هەڵکردنی ئاڵا باسی ئەوە کراوە کە سروود یا مارشی نەتەوەیی پێشکەش کراوە، بەڵام تەنیا لە یەک ژمارەیاندا، ناوی سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) هاتووە. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت: کە جگە لە )ئەی ڕەقیب (سروودی دیکەشیان وەک سروودی نەتەوەیی هەبووە، بەڵام لەبەر نەنووسینەوەی نۆتە و تۆماری سروودەکان کەس نازانێت ئەم سروودانە چین و چۆن وتراون.
بە نموونە: لە ژمارە 13ی ڕۆژنامەی کوردستان دا کە ڕۆژی چوارشەممە 24ی ڕەشەمێی ساڵی 1324ی هەتاوی بڵاوبووەتەوە، هۆنراوەی نیشتمانم ڕەنگینە، بەهەشتی سەرزەمینەی هەژار چاپ کراوە و لە سەریشی نووسراوە: سروودی میللی کوردستان.
ئەی ڕەقیب کۆتا سروودی نیشتمانی
لێرەدا سەبارەت بە سروودی ئەی ڕەقیب، نامەوێت بە هەمان ئەو باسانەدا بچمەوە، کە پێشتر لەسەر دانەری ئاواز و نووسەری هۆنراوەکە نووسراون.ئەوەی کە ساغبۆتەوە، ئەم ئاوازە لەلایەن شێخ حوسێن بەرزنجییەوە لە زینداندا دانراوە. هۆنراوەکە لەلایەن دڵداری شاعیرەوە لە تەمەنێکی کورتی لاویدا لە ساڵانی 1938 – 1940 نووسراوە.
بەپێی گێڕانەوەکانی مەسعود محەممەد، موکەرەم تاڵەبانی، جەلیل گادانی، کردنی ئەم هۆنراوەیە لە کۆماری کوردستان وەک سروودی نیشتمانی مارشی نەتەوەیی دیاریکرا، بە دیاری کراوی مێژووەکەی لە کاتی هەڵکردنی ئاڵای کۆماری کوردستان و بۆ ساڵی 1947 دەگەڕێتەوە. بەڵام هەندێک بۆچوونی جیاواز هەیە، کە ئەمە پێشتر سروودی حزبی هیوا بووبێت.

یونس رەئوف (دڵدار)
بەڵگە بۆ ئەمە مەسعود محەممەد لە گەشتی ژیانم دا دەنووسێت:
[ڕۆژگاری چلەكان، بەتایبەتی لە دەمی جەنگدا، ئەوە نەبوو كوردایەتی بە دەنگ و سەدای تێدا بكرێت. نەورۆز بە ماتی لە ماڵی یەكێك لە ناسیاوان ئاهەنگێكی كورتیلەی بۆ دەگێڕدرا. سروودی «ئەی ڕەقیب»ی دڵدار خۆم گوێم لێ بوو لەلایەن حوسێن بەرزنجییەوە بەو دەنگی ئاسمانیی خۆیەوە لە كۆمەڵگەی وەها بچووكدا شەپۆلی دەدایەوە]. مێژووی ئەم باسە بۆ
ساڵی 1942 دەگەڕێتەوە، کە بە دڵنیایی پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستانە، کەواتە سروودەکە پێشینەکی هەیە و تا ڕادەیەک پێشتر لەسەر زاری خەڵک بڵاوبووە، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە ڕێکخستن و شانەکانی کایەی سیاسی ئەوسەردەمەدا بوون. ئەوەی لێرەدا گرنگە بگوترێت، ئەم سروودە زادەی ڕۆژگارێکە، کە کورد لەنێو بەرداشی میللەتانی دیکەدا، لەیەک کاتدا هەوڵیدەدا لەناو نەچێت و بمێنێتەوە، لە هەمان کاتیشدا دەیوست، وەکو میللەتانی دیکە بە خەونی ئازادی و سەربەخۆیی خۆی بگات، وەلێ هێشتا ئەم خەونە نەهاتۆتە دی و خەباتەکەی بەردەوامی هەیە.
سروودی ئەی ڕەقیب کۆدەنگيی نیشتمانيی هەیە
ئەوەی لێرەدا جێی هەڵوەستەیە بۆچی ئەم سروودە کۆدەنگيی نیشتمانی لە هەر چوارپارچەی کوردستان لەسەرە؟ بە بڕوای من چەند هۆکارێک هەن، کە پێویستە بە وردی شیکاری و گفتوگۆیان بکەین.
یەکەم:
کات: کاتی دروستبوونی ئەم سروودە لەنێو مێژوویەکی پڕ ململانێی نەتەوەکانە، ئەو ململانێیانەش بە ڕەهایی کاریگەريی لەسەر دروستبوونی هەستی نەتەوایەتی لای تاکەکانی هەر میللەتێک هەیە. بەتایبەت ئەو میللەتانەی ژێردەستە و لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیيدان.
دووەم: جوگرافیای دروستبوونی تێکست و ئاوازی ئەم سروودە:
سروودی ئەی ڕەقیب وابەستەیە بە مێژووی هاوبەشی دوو پارچەی کوردستان کە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە هەمانکاتدا سێ ناوچە، کە پەیوەندییەکی کولتووری و ڕۆشنبيریی هاوبەشیان لەنێوانیاندا هەیە، کە لە ڕاستیدا ئەم جوگرافیایە کاریگەريی لە سەر بەهێزی و مانەوەی سروودەکە لە یادەوەريی خەڵکیدا هەیە، هەر بۆیە وەک تاکە سروودێ کۆدەنگيی لەسەرەو لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا لە ساتی گوێ لێ بوونیدا هەمان هەستی سەدان ساڵەی نەتەوەیی هەر تاکێکی
کورد دەبزوێنی. تێکستی هۆنراوەکە، هەستی شاعیرێکە لە )کۆیە(، بەڵام بەپێی گێڕانەوەکان (دڵدار)، ئەم تێکستەی لە (کەرکووک) نووسیوە، بە دیاریکراوی لەوکاتەی کە بۆ خوێندنی ئامادەیی لە کەرکووک ژیاوە، چونکە لەو سەردەمەدا دوای خوێندنی ناوەندیی بەهۆی نەبوونی قۆناغی ئامادەیی بەشێک لەو کەسانەی دەیانویست درێژە بەخوێندن بدەن ڕوویان لە کەرکووک کردووە، هەر بۆیە لەو سەردەمەدا کەرکووک ناوەندێکی گرنگی مەعريفيی ئەو گەنجانە بوو کە لە بواری سیاسی و ڕۆشنبیری کاریان دەکرد.
بەهۆی بوونی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە لەگەڵ یەکتریدا و بوونی هاوڕێیەتيی نێوان دڵدار و حوسێن بەرزنجی، لەهەمان کاتدا نزیکيی بیری سیاسییان لە هەر دوو حزبی هیوا و شیوعیدا ئەم سروودە دەبێتە بەرهەمێکی مێژووی هاوبەشیان، تەنانەت لە دەستنووسێکی دڵداردا بە خەتی خۆی نووسیویەتی: (شێخ حوسێن بەرزنجی ئاوازی بۆ ئەی ڕەقیب داناوە.( لە هەمانکاتدا شێخ حوسێن خۆی پەروەردەی تەکییە و خانەقاکانی قادرکەرەم بووە، بەهرەی دەنگخۆشيی تێدا بووە، تاڕادەیەکی باش شارەزایی لە مقام و ئەو شێوازە گوتنانە هەبووە کە لەنێو تەکییە و خانەقاکانی ئەو ڕۆژگارەدا وتراون، ئەمانە لە ئەندێشەی منداڵیدا مابوونەتەوە و دواجار دەبێتە هەوێنی ئەم سروودە.
بە هۆکاری ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەو کاتەی باشوورى کوردستان، پاڵپشتيی کۆماری کوردستان بوون، ئەم تێکستە بە شێوەی زارەکی دەگاتە مەهاباد، دواجار وەک باشترین هۆنراوە و سروود بۆ ڕاگەیاندنی کۆمارەکە دیاری دەکەن و لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵاکەدا خوێندراوە. دروستبوونی کۆمارێک بۆ کوردی ڕۆژهەڵات لەو ڕۆژگارەدا رووداوێکی مێژوويی لەبیر نەکراوە، گەرچی زۆری نەخایاند، بەڵام گەلی کورد ئەو رۆژگارە زێرينە و بە دیهاتنی خەونەکەی لە بیرناکات. دوا بەدوای نەمانی کۆمارەکە ئەم سروودە و ئاڵاکەی بوون بە میراتێکی نەتەوەیی و یادگارییەکی مێژوويی، بۆیە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی کورد هەر هەموو سەرکردە و رابەری پارتێکی سیاسی خۆیان بە بەشێک لەو میراتە دەزانن، بۆیە بە هەموو جیاوازییەکانەوە ڕێزیان لەم سروودە ناوە.
هەر بۆیە دوای دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان دووبارە ئەم یادگارە مێژوویيە وەک مارشی نەتەوەیی بەفەرمیی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ناسێندرا و دەستپێکی بۆنە نیشتمانی و گرنگەکاندا دەبوو بژەنرێت یان بگوترێت. ئەمە زیاتر بووە هۆی دووبارە بەهێزبوونەوەی سروودەکە و جارێکی دیکە بووە سمبولێکی نەتەوەیی. تەنانەت بە ڕادەیەک ڕێز لەم سروودە گیراوە، لە ساتی شەڕی ناوخۆیی باشووری کوردستاندا، کە دێگەڵە سنووری دابەشکاری هەموو کایەکانی نێوان
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەڵام هیچ لایەنێکیان نەیانتوانی ئەم سروودە بکەن بە دووبەشەوە و بە تەنها میراتی خۆیان بزانن، بۆیە بە بەردەوامی لە بۆنە نیشتمانییەکان و فەرمییەکاندا دەست لەسەر سنگ دەوترایەوە.
ئەی رەقیب لەلایەنی موزیکییەوە
لە ڕووی بەهای موزیکییەوە، سروودەکە لە دوو ڕستەی سادەی میلۆدی پێکدێت. چونکە لەو سەردەمەدا ئاستی موزیکی لە ئاستێکی باڵادا نەبوو، لە ڕاستیدا (دانەری ئاوازەکە، بە شێوەیەکی(خۆڕسک) تەنها دەنگی خۆشبووە، نەک موزیکدارێک بووبێت کە بە شێوەیەکی زانستی موزیکەکەی دروستکردبێت، تەنها لە هەستێکی قووڵی کوردایەتیی خۆیەوە ئەم تێکستەی بە شێوەی سروود خوێندووە. لە ڕووی ڕیتمەوە زیاتر بە ڕیتمی 2\4 یان 4\4 وتراوە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا زیاتر بۆ بەهێزکردنی لایەنی مارشی سروودەکە و حەماسی بوونی لەلایەن هەندێک میوزسیانەوە بە ریتمی 6\8 و بە دابەشکردنی نوێ و بوونی هارمۆنییەکی گونجاو نۆتەکەی دەنووسراو و دواتر دەژەندرا.
لە ڕووی پەیژەی موزیکییەوە لەسەر (پەیژەی گەورەیە – مێجەرە) بە زمانە ڕۆژهەڵاتییەکەی لەسەر )مەقامی عەجەم)ە. بواری دەنگی میلۆدییەکە ئەگەر لە پلە دەنگی (ڕێ) بنوسرێت، بەرزترین پلە دەنگی کە پێی دەگات دەنگی (سی)یە. بە گشتی لە شەش دەنگ تێپەڕناکات. هەندێک بۆچوون هەن، کە سەرەتا لەسەر (مقامی ڕاست) گوترابێت.
دەشێت ئەم بۆچوونە تارادەیەک ڕاست بێت. بەڵام هیچ بەڵگەیەکی مێژوويی تۆمارکراوی دەنگی یان نۆتەی ئەم سروودە بەردەست نییە، تەنها نۆتەیەکی دەستنووسی جەمیل بەشیر هەیە، کە لەسەر داوای شەماڵ سائیب لە ئێزگەی بەغداد لەسەر قەوانێک تۆمارکراوە، کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1961دەگەڕێتەوە. لەوێشدا هەر بە هەمان شێوەی
ئێستا بە ریتمی 4\2 و 4\4 نوسراوەتەوە. بەگشتی ئەم لایەنە هیچ لە بەهای سروودەکە نە کەم نە زیاد دەکات. بەڵام سروودەکە ئەوەی هەیە و بیستراوە میلۆدییەکی سادەیە، بە دەنگ و بە شێوەی مۆنۆفۆنی لەسەرەتادا وتراوە، لەم ساڵانەی دوايیدا لە ڕێی دابەشکردن، دانانی هارمۆنی، کاری ئۆرکسترایی بەشێوەی باشتر بۆ ئەنجامدراوە، بەبێ
ئەوەی گۆڕانکاری لە ڕەچەڵەک و پێکهاتەی ئاوازەکە بکەن.
چیرۆکی لە سێدارەدانی ئاوازدانەری سروودی ئەی ڕەقیب
ڕۆژی 1959/7/14، لە كەركووك لە خۆپیشاندانێکدا، یەكەمین ساڵیادی شۆڕشی چواردەی تەمموز کرایەوە، لەنێو ئەم خۆپیشاندانە ئاژاوە و هەرایەك هەڵگیرسا بە كوژراو و برینداربوونی چەندین کەس كۆتایی هات. شەڕ و پێكدادانەکە لەنێوان توركمانەكان و شیوعیيەكاندا ڕوویدا، بە شێوەیەکی گشتیی شیوعییەكان زۆربەیان كوردبوون. هەر بۆیە دوای هێوەربوونەوەی دۆخەکە، ئەم شەڕە بۆ شەڕێکی نەتەوەیی نێوان کورد و تورکمانی کەرکووک گۆڕدرا. دەرئەنجامی ئەم ڕووداوە، تاوانەکەی درایە پاڵ کۆمەڵێک کەسایەتيی ناودار و شیوعییەکان، کە لە نێویاندا شێخ حوسێن بەرزنجی و شێخ مارفی برای تێدابوو. گەرچی خۆیان بە بێتاوان دەزانی، بەڵام دواجار دادگا 14\6\1962 بڕیاری لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاندن، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا. بەم جۆرە شێخ مارف و هاوڕێکانی لە زینداندا مانەوە، تا دواجار لە کودەتاکەی حیزبی بەعسدا، لە شەوی 26\6\1963 سەرجەم ئەو کەسانەی ئەو تاوانەیان درابووە پاڵ، لە بەغداوە دەبرێنە كەركووك لە لەسێدارەدران. بەپێی گێڕانەوەی گەواهیدەرانی ئەو سەردەمە شێخ حوسێن و ئەو کەسانەی لەگەڵیدا بوون سەرجەمیان بێتاوان بوون، بەڵام حکوومەتی ئەوکاتە وەک پلانێک بۆ دروستکردنی گیانی تۆڵەسەندنەوە و دروستکردنی ڕق و کینە لە نێوان کورد و تورکمانی کەرکووکدا، ئەم بڕیارە نادروستەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەبارەت بەم باسە عەزیز محەممەد وەک یەکێک لە سكرتێرە دیارەکانی حزبی شیوعیی عێراق و شاهید حاڵی ئەو ڕۆژگارە دەڵێ: (ئەوان قوربانيی نەفامیی عەبدولكەریم قاسم و دڕندایەتی بەعسییەكان بوون، شەهیدان هیچ خەتایەكیان نەبوو، ئەوان دەیانتوانی هەڵبێن و رزگاریان بێت، بەڵام ئێمە وەكو حزب، ڕامان لەگەڵ هەڵهاتنیان نەبوو.(دەرئەنجامی ئەم ڕووداوە شێخ حوسێن و هاوڕێکانی بە تاوانی خیانەتی نیشتمانی لە سێدارە دران).

شێخ حوسێن بەرزنجی
گرفتە ئایدۆلۆجییەکانی سروودی ئەی رەقیب
گەرچی بەشێوەیەکی فەرمی و نافەرمی ئەم سروودە وەک سروودی نیشتمانی ناسێندراوە، بەڵام هەر لەگەل بەهێزبوونی تەیارە ئیسلامی و حیزبە ئیسلامییەکان، ئەم سروودە بووە باسێکی گەرم و لەنێو پەرلەماندا دژایەتی دەکراو داوا دەکرا ئەم سروودە بگۆڕدرێت. بە بیانووی وشەی (رەقیب) کە ناوێکە لە ناوەکانی خودا و لە بەیتێکیدا دەڵێت: )دینمانە ئاینمان هەر کوردستان( ئەمانە جۆرێکن لە دژایەتیی ئایینی ئیسلام. هەر بۆیە ئەندامانی پەرلەمانی سەر بە پارتە ئیسلامییەکان، لەبەر سروودەکە هەڵنەدەستانە سەرپێ. کە ئەمەش نارەزایەتيی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان و ئەو پارتانەی کە خۆیان بە ناسیۆنالستی و نیشتمانی دەزانن بە جۆرێک لە سووکایەتی بە خوێنی شەهیدان و قوربانییەکانی گەلی کورد و بێڕێزی بە دامەزراوە نیشتمانییەکان دەزانی، دەرئەنجام ئەم گرفتە لە ساڵی 2٠14دا گەیشتە بنبەست. سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. یوسف محەممەد سادق)، لە لێدوانێکی ئەو سەروەختەدا دەڵێت:
(سروودی ئەی رەقیب بووەتە درووشمی یەكپارچەیی خاكی كوردستان، كورد لە هەرچوار پارچەكەی كوردستان لەسەر چەندین شت جیاوازیمان هەیە، بەڵام لەسەر سروودی نەتەوەیی (ئەی رەقیب) هەموومان تەباین و پێمانوایە سروودێكی گرینگە بۆ نەتەوەكەمان، لەبەر ئەوە ئەو سروودە بۆ ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان هێڵی سوورە و سازشی لەسەر ناكەین). هەر بۆیە دواجار پەرلەمان لە ڕێگای پرۆژە یاسایەکەوە بە فەرمیی داوای سزای ٥٠٠ هەزار دیناری بۆ هەر ئەندام پەرلەمانێک دیاری کرد، ئەگەر لەکاتی دەستپێکی دانیشتنەکانی پەرلەماندا هەڵنەسێتە سەرپێ.
دەقی پرۆژە یاساکە دەڵێت: سەرپێچیکاری حوکمەکانی (ماددەی دووەم)ی سەرەوە بە گوژمەی (500) پێنج سەد هەزار دیناری عێراقی سزا دەدرێت و بێ بەش دەکرێت لە بۆنە و دانیشتنەکە. هةروەها سەرجەم هۆیەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێم (بینراو و بیستراو) لەسەریانە لەکاتی دەست پێ کردن و کۆتایی بەرنامەکانیاندا پابەندی پەخشکردنی سروودەکە بن.
دەقی پرۆژە یاسایەکە:
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بەناوی گەل پەرلەمانی کوردستان- عێراق
پشتبەستن بە حومکەکانی بڕگەی (1)ی ماددەی 56 و ئەو دەسەڵاتەی بەپێی ماددە (53)ی یاسای ژمارە (2)ی هەموارکراوی ساڵی (1992)دا، پێماندراوەو، لەسەر داواکردنی ژمارەی یاسایی لەئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان- عێراق بڕیاریدا ئەم یاسایەی دا:
ماددەی یەکەم:
سرودی (ئەی رەقیب) کە دەقی شیعرەکەی لەلایەن یونس رەئووف (دڵدار)ی شاعیر دانراوەو، ئاوازەکەشی کە لەلایەن (شێخ حوسێن بەرزنجی) یەوە دانراوە، کە بە(نۆتەی موزیکی) یەوە هاوپێچە بەم یاسایە، دەبێتـە سروودی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان- عێراق و، پێشەکییە موزیکی و میلۆدیەکەی دەکرێتە سەلامی هەرێمایەتی و بەو شێوازە موزیکیەی کە بۆی دیاریکراوە جێبەجێ دەکرێت.
ماددەی دووەم:
ئەم سروودە بە سروودی فەرمیی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و گشت بۆنە فەرمی و نیشتمانی و نەتەوەییەکان بەم سروودە دەست پێ دەکەن. بەو مەرجەی ماوەی ژەنینەکەی لە (50) پەنجا چرکە تێنەپەڕێت.
ماددەی سێیەم:
سەرپێچیکاری حوکمەکانی ماددەی دووەمی سەرەوە بە گوژمەی ٥٠٠ پێنج سەد هەزار دیناری عێراقی سزا دەدرێت و بێ بەش دەکرێت لە بۆنە و دانیشتنەکە. وسەرجەم هۆیەکانی راگەیاندن لە هەرێم (بینراو بیستراو) لەسەریانە لەکاتی دەست پێ کردن و کۆتایی بەرنامەکانیاندا پابەندی پەخشکردنی سروودەکە بن.
ماددەی چوارەم:
رێزگرتنی سروود و سەلامەتيی هەرێمایەتيی کوردستان یاساییە و
هەموو کەسێ لە شوێنە فەرمی و جەماوەرییەکاندا کە گوێبیستی دەبن
لەسەریانە بەڕێزگرتنەوە بۆی بوەستن.
ماددەی پێنجەم:
ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە بە مەبەستی ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم یاسایە و دیاریکردنی کارپێکردنی بەفەرمی و سزادانی سەرپێچیکارانیەوە، پێڕەوی تایبەت دەربچوێنێت.
ماددەی شەشەم:
ئەم یاسایە لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەیەوە لە ڕۆژنامەی (وەقائیعی کوردستان) دا کاری پێدەکرێت.
ماددەی حەوتەم:
وەزیرە تایبەتمەندەکان ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن. هۆکارە پێویستییەکانی ئەم یاسایە بەو پێیەی سروودی نیشتمانییە گشت
گەلان و نەتەوەکان هێمای نیشتمانی و نەتەوایەتیانە، لەبەر ئەوە کە هۆنراوەی (ئەی رەقیب) بۆتە بەشێک لە ویژدانی کوردستانی و سیمبولی خەباتی ڕزگاریخوازی نیشتمانی و وشە و بڕگەکانیشی گوزارشت لە هیوا و ئاواتەکانی گەلی کوردستان لە گشت پارچەکانی و لە دەرەوەی کوردستان دەکەن، لەبەر ئەوەیش کە ئەم چامەیە یەکەمین سیمبول و سروودی فەرمیی کۆماری کوردستان بووە لە مەهاباد، هەروەها گوزارشتە ئەدەبیەکە و وێنەى شیعرەکانی و نێوەڕۆکەکەشی خواست و ئارەزووە بنیادنەرەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دەخەنەڕوو، سروودەکە تا ئێستەیش هەر کاریگەرە و بەزیندوویی ماوەتەوە. ئەم یاسایەمان دەرچواند. بەڵام بەهۆی ڕووداو پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم قۆناغە ئەم بابەتە بێدەنگی لێکرا. جگە لەم لایەنە لەم ساڵانەی دوایيدا لە پارچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان بەتایبەت لەلایەن پارتە سیاسییەکانی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان، بە هۆی جیاوازییە ئایدۆلۆجیاکانەوە وەک جۆرێک لە نیشاندانی جیاوازی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی کوردستان، سروودەکە وەکو ساڵانی رابردوو جێی بایەخ نییە، لە ئێستا وەک مارشێکی نەتەوەیی خۆیان لێناڕوانن. بەڵکوو، وەکوو سرودێکی ئاسایی وێنای بۆ دەکەن، کە وابەستەی دەورانێکی مێژووییە و جێی بایەخی ئەوان نییە.
گرنگيی سروودەکە لە ڕووی نیشتمانییەوە
بۆ هەر گەل و نەتەوەیەک چەند بابەتێک هەن، کە وەک سەروەتی نیشتمانی، ئاسایشی، سیمبولی نەتەوەیی، لێی دەڕوانن، سروودی ئەی ڕەقیب کە نزیکەی لە 70 ساڵە ڕەگی بەنێو قوڵایی مێژووی کوردا، هەر لە سەرکەوتن تا نشووستییەکانیدا داکوتیووە. سەرەڕای جیاوازيی ئایدۆلۆجییەکان، بەڵام ئەو کەسانەی کە خۆیان بە کورد دەزانن و لەنێو چوارچێوەی ئایدۆلۆجيی بەرتەسکدا بیرناکەنەوە، لە هەر پارچەیەکی جیهاندا بن لەگەڵ گوێلێبوونی ئەم سروودەدا دەست لەهەموو بیروبڕواکانی هەڵدەگرێت و لەبەرى هەڵدەستێت، وەک جۆرێک لە ئەرکی نیشتمانی و هەستێکی نیشتمانی بەرامبەر ئەو هەموو قوربانییەی کە لەوپێناو، کوردبووندا نراوە. ئەمە خاڵی بەهێزی ئەم سروودەیە، چونکە هەڵقووڵاوی خەباتێکی دوور و درێژی نەتەوەییە. بۆیە گۆڕین و دەستکاریی سروودەکە هەتا کورد لە قۆناغی ڕزگاریدا بێت بەهەموو شێوەیەک دەستبردنە بۆ هەستی نیشتمانيی ملیۆنان کەس کە باوەڕی بە پاراستنی بەها نیشتمانییەکانی هەیە.
دەرئەنجام:
ئەم سروودە میراتێکی نەتەوەیی کوردە، یادگاريی کۆمارێکە کە بەپلانێکی نێودەوڵەتی لە یەکەم ساڵى ڕاگەیاندیدا بە گیانبەخشی و هەزاران ڕزگاریخواز و لەسێدارەدانی (سەرۆک کۆمارەکەی) کۆتايی پێ هێنرا. بۆیە پێویستە هەر وەک یادگارییەکی مێژوویی بەهەموو جیاوازی و بۆچوونە ئایدۆلۆجیەکانەوە وەک سیمبول و سروودی نیشتمانی بمێنێتەوە. تا ئەوکاتەی خەباتی کورد لە قۆناغی ڕزگاریدا بێت و ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێت، دەستبردن بۆی بە هەڵەیەکی کوشندەی مێژوویی نیشتمانیی دادەنرێت. تەنها لەو قۆناغەدا نەبێت، کە کوردستان وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و لە چوار چێوەی قەوارەیەکی سەربەخۆدا دانی پێ دەنرێت و پارێزراو دەبێت، لەم کاتەدا دەکرێت پێداچوونەوە بە سروودەکەدا بکرێت یان
سرودێک کە باس لە مێژوو، ئێستا و ئایندە بکات ببێتە جێگراوەی ئەم سروودە.
پێشنیاز:
بەو پێوەر و شیکاریانەی کە لەم باسەدا خرانەڕوو، سروودەکە ماوەی زیاتر لە 78 ساڵە بەتایبەت لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆتە سیمبولێکی نیشتمان و میراتێکی نیشتمانی. کەواتە ناکرێت خاوەنی ئەم سروودە، کە کەسێکی ئازادیخواز، نیشتمانپەروەر، پێشەنگی هەستی نیشتمانيی کوردپەروەری بێت، لە رووداوێکی سیاسی و قۆناغێکی مێژووی سیاسیدا، بەهۆکارێک، پلانێک و بێتاوان لەلایەن نەیارانی کوردەوە خرابێتە نێو زیندان و فەرمانی سێدارەدانی بۆ دەرچووبێت، دواجار بە خیانەتی نیشتمانی لەسێدارە درابێت. دوای دەیان ساڵ و هێز و پێگەی کورد لە عێراقی بەناو هیواو ئاشتیدا نەتوانرابێت، کار بۆ ئەستۆپاکی خاوەنی سروودێک کە بۆتە سیمبولێکی نەتەوەیی بکرێت. بۆیە پێشنیاز دەکەم، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی خۆی بکاتە خاوەنی ئەو دۆسیەیە پاش بردنەوەی دۆسیەکە، لە بۆنەیەکی نیشتماندا ئەستۆپاکیی شێخ حوسێن بەرزنجی ڕابگەیەنرێت، شێخ حوسێن بەرزنجی وەک سمبولی نەتەوەیی بناسێنرێت.
15/11/2025