پێنج راستیی کەمبیستراو سەبارەت بە لیۆناردۆ دا ڤینچی بزانە

ڕەنگە لیۆناردۆ داڤینچی گەورەترین کەسایەتی مێژوویی هەموو سەردەمێک بێت، کە ناوبانگێکی زۆری لە بواری هونەر و داهێناندا هەیە. ئەو پیاوەی کە رابەری سەردەمی ڕێنێسانسی ئیتاڵی ناو دەبرێت. جگە لە شارەزایی لە بواری هونەر و نیگارکێشیدا، لە بوارەکانی دیکەشدا دەستێکی باڵای هەبوو، هەربۆیە لەلایەن بەشێک لە مێژوونوسانەوە بە زەریای زانست و هونەری سەردەمی خۆی ناوی دەبەن.

لیۆناردۆ دا ڤینچی بە ئەندازیارییە سەرسوڕهێنەرەکەی لە تابلۆکانیدا، بەرهەمی ناوازە نەمرەکانی وەک دوایین ئێوارەخوان و مۆنالیزای کێشاوە. جگە لەوە لیۆناردۆ داڤینچی بە دیزاینەری یەکەمین فڕۆکە و ژێردەریایی جەنگە، هەروەها داهێنەر و دیزاینەری کاتژمێر دادەنرێت، کە دواتر بە کاتژمێری داڤینچی ناسرا. دیدگای ئەو بۆ گەردوون لە بنەڕەتدا لۆژیکییە نەک نهێنی و دەبێت بگوترێ کە شێوازە داهێنەرەکانی بۆ سەردەمی خۆی نائاسایی بوون. لێرەدا خوێنەری پێنج لە راستییە کەمبیستراوەکانی ژیانی لیۆناردۆ دا ڤنچی بە.

یەکەم: داڤینچی ناوی کۆتایی لیۆناردۆ نەبوو

لە کولتوری مۆدێرنی ئەمریکییدا، نەریتە کە کەسێک بە ناوی کۆتایی خۆی بانگ بکرێت، بەڵام هەمیشە ئەمە بەو جۆرە نییە. زۆرێک لە هاوچەرخەکانی لیۆناردۆ بە ناوی یەکەمی خۆیان ناسراون، لەوانە دانتێ، مایکل ئەنجێلۆ و گالیلۆ. هەر بۆیە ڕەنگە پێت وابێت داڤینچی ناوی کۆتایی بووە. نەخێر ئەم دەستەواژەیە لە زمانی ئیتاڵیدا بە واتای "خەڵکی ڤینچی" دێت، هەر بۆیەش لە زۆر بازنەی زانستی و مۆزەخانەکاندا بە لیۆناردۆ ناودەبرێت.

دووەم: لیۆناردۆ داڤینچی هەرگیز نەیتوانی مۆنالیزا تەواو بکات

داڤینچی هونەرمەندێک بوو کە سەبرێکی زۆری هەبوو بۆ تەواوکردنی بەرهەمەکانی، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە بەرهەمەکانی بە تەواونەکراو بمێننەوە یان هەرگیز تەواو نەبن. لە نێو ئەم بەرهەمانەدا مۆنالیزا بەناوبانگترینیانە. کاتێک لیۆناردۆ داڤینچی لە ساڵی 1519 کۆچی دوایی کرد، وا دیار بوو ئەم تابلۆیە و هەندێک لە بەرهەمەکانی دیکەی بە تەواونەکراوی ماونەتەوە و هاوڕێ نزیکەکەی ئەم کارانەی تەواو کردووە. هەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە ئەو نەخۆشیەی کە بووە هۆی ئیفلیجی لای ڕاستی جەستەی بووە هۆی ئەوەی ئەم بەرهەمانە بە تەواونەکراوی بمێننەوە.

سێیەم: لیۆناردۆ داڤینچی توێکاری تەرم بووە

بەهۆی گرنگیدانی لیۆناردۆ بۆ ئەناتۆمی مرۆڤ، لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بەشەکانی مرۆڤ بەرفراوان بوون. هەرگیز بەربەستێک لە نێوان هونەر و زانستدا بۆ لیۆناردۆ داڤینچی نەبووە. لە ساڵانی 1480دا حەزی بە زانینی سیستمی ماسولکەیی و بەستەرەکانی جەستەی مرۆڤ بووە. بۆیە بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە جەستەی مرۆڤ و ئاژەڵەکان پارچە پارچە بکات و توێکارییان بکات. بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان وێناکردنی سیستەمی دڵ و خوێنبەرەکان و ئەندامەکانی ناوەوەی یەکەمجارە لەلایەن لیۆناردۆوە کێشراوە.

چوارەم:  لیۆناردۆ حەزی لە نووسین بەشێوەی پێچەوانە بووە

یەکێک لە سەیر و سەمەرەکانی ژیانی لیۆناردۆ نوسینە بەشێوەی پێچەوانە، یاخود بەرەوداوە. وەک چۆن باو و ئاساییە تەنها لە ئاوێنەدا نووسین بە پێچەوانەوە بخوێنرێتەوە، لە سەردەمی ئەودا ئەمە یەکێک لە خووە تایبەت و سەیر و سەمەرەکانی بووە. دەوترێت ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دەستنووس و نووسینەکانی پارێزراو بوون لە وێرانکارییەکانی کات و مرۆڤ، کە بەڕاستی بە تێپەڕبوونی کات ئەمە سەلمێندرا. جێگای سەرنجە بزانین هەرچەندە داڤینچی بە هەردوو دەستی چالاک بووە و توانای نووسینی هەبووە، بەڵام نووسینەکانی زیاتر بە دەستی چەپی بووە.

پێنجەم: داڤینچی چالاکوانی مافی ئاژەڵان بووە

جێگای سەرنجە کە بزانین لیۆناردۆ داڤینچی یەکێک بووە لە یەکەم چالاکوانانی مافی ئاژەڵان. خۆشەویستی و ڕێزگرتنی لیۆناردۆ داڤینچی بۆ ئاژەڵ و بوونەوەرە زیندووەکان ئەوەندە گرنگ بووە بۆی، تەنانەت دەوترێت باڵندەی نێو قەفەزی کڕیوە و ئازادی کردوون و ڕەتیکردووەتەوە گۆشتی سوور بخوات.