محەممەد ئەمین: شەش دانیشتنە سکاڵاکار ئامادەنابێت
محەممەد ئەمین، ئەو جووتیارە کوردەی کە لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە هێرشی کرایەسەر، ڕایگەیاند، بۆ شەشەمجارە بانگهێشتی دادگا دەکرێت، بەڵام ئەو سەربازەی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە، ئامادەی هیچ کام لە دانیشتنەکان نابێت. ئەو پێی وایە سکاڵاکان بۆ فشارخستنەسەریەتی تا واز لە سکاڵاکەی خۆی بهێنێت.
دوو سکاڵا لەسەر قوربانییەکە
پێش بەڕێوەچوونی شەشەمین دانیشتنی دادگا، محەممەد ئەمین بە کەناڵ8ـی وت، لەسەر دوو سکاڵای جیاواز دادگایی دەکرێت:
سکاڵای یەکەم: لەلایەن ئەو سەربازە عێراقییەوە (کەرار شاکر) تۆمارکراوە کە بە ملپێچەکەی ڕایکێشا.
سکاڵای دووەم: لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراقەوە لە ڕێگەی لیژنەی یاساییەوە تۆمارکراوە.
"سکاڵاکار ئامادە نابێت"
سەبارەت بە سکاڵای سەربازەکە، محەممەد ئەمین دەڵێت، "تا ئێستا پێنج دانیشتنی دادگا کراوە و ئەمڕۆش شەشەم دانیشتنە، بەڵام سکاڵاکار کە سەربازە عێراقییەکەیە، ئامادەی هیچ کام لە دانیشتنەکان نەبووە."
سەبارەت بە سکاڵای دووەمیش، ئەمڕۆ وتەی شایەتحاڵی دیکە وەردەگیرێت و هیوادارە دادوەر بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەسەر دۆسییەکە بدات.
"دەیانەوێت واز لە سکاڵاکەم بهێنم"
محەممەد ئەمین پێی وایە ئەم سکاڵایانە بۆ فشارخستنەسەریەتی. "بۆیە سکاڵام لەسەر کراوە چونکە دەیانەوێت بەزۆر واز لەو سکاڵایە بهێنم کە من لە دژی سەربازە عێراقییەکە تۆمارم کردووە."
ئەو جەخت دەکاتەوە کە حەوت مانگە سەربازەکە لە سکاڵاکەی ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام ئامادەنییە بێتە بەردەم دادگا. لەگەڵ ئەوەشدا، محەممەد ئەمین سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە سکاڵاکەی خۆی و هیوادارە دادگا بێتاوانیی بسەلمێنێت.
16/11/2025