د.کۆیان زاهیر: لە 15 ڕۆژدا 11 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشانەی منداڵانی سلێمانى کردووە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی تەنها 15 ڕۆژدا نزیکەی 11 هەزار منداڵ سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتایەکی وەرزییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان کە پەتاکە مەترسیدار نییە و هیچ منداڵێک ڕاستەوخۆ بەهۆیەوە گیانی لەدەستنەداوە.
11 هەزار نەخۆش لە 15 ڕۆژدا
د. کۆیان زاهیر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئامارەکانی بڵاوبوونەوەی پەتا وەرزییەکەی خستەڕوو:
سەردانیکردن: لە 15 ڕۆژی یەکەمی ئەم مانگەدا، 10,731 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە.
داخڵبوون: لەو ژمارەیە، 1,507 نەخۆش لە نەخۆشخانە هێڵراونەتەوە.
مانگی ڕابردوو: 2,346 نەخۆش داخڵ کرابوون، کە زۆرینەیان بەهۆی پەتای وەرزی و سکچوون و ڕشانەوەوە بووە.
ڕوونکردنەوە لەبارەی گیانلەدەستدانەوە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە جەختیکردەوە کە پەتاکە بە شێوەیەکی گشتی مەترسیدار نییە.
وتیشی، "بەهۆی پەتاکەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هیچ منداڵێک گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام ئەو منداڵانە گیانیان لەدەستداوە کە نەخۆشیی درێژخایەن، وەک نەخۆشیی ماسولکە و دەمار، دڵ، یان هەناسەتەنگییان هەبووە و پەتاکەیان بە توندی گرتووە."
16/11/2025