یەکەم ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ لە ڕووسیا شکستی هێنا

ئالدۆل، یەکەم ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ لە ڕووسیا شکستی هێنا
ئالدۆل، یەکەم ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ لە ڕووسیا شکستی هێنا

لە پێشانگەیەکی تەکنەلۆجی لە شاری مۆسکۆ، ڕووسیا یەکەم ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤی خۆی نمایش کرد، بەڵام چەند چرکەیەک دوای دەرکەوتنی لەسەر ستەیجەکە، ڕۆبۆتەکە تێکدەشکێت و شکست دەهێنێت.

دەکەوێت بە زەویدا

لە ڤیدیۆیەکدا، یەکەم ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤی ڕووسیا بە ناوی ئالدۆل دەچێتە سەر ستەیجەکە بۆ نمایش کردنی تواناکانی رووسیا لە سێکتەری ڕۆبۆتەکاندا، بەڵام لەو کاتەی ڕۆبۆتەکە دەیەوێت دەست بەرز بکاتەوە و سڵاو لە ئامادەبووان بکات، هاوسەنگی خۆی لەدەستدەدات و دەکەوێت بە زەویدا.

گەشەپێدەران بەپەلە هەوڵی هەڵگرتنەوەی ڕۆبۆتەکە دەدەن، دواتر کە سەرکەوتوو نابن، هەوڵ دەدەن بە قوماشێکی ڕەش ڕۆبۆتەکە دابپۆشن.

هەوڵەکانی ڕووسیا لە بواری ڕۆبۆت

ئامانج لە پێشانگەکە پیشاندانی پێشکەوتنەکانی ڕووسیا بوو لە بواری ژیریی دەستکرد و ڕۆبۆتەکانی هاوشێوەی مرۆڤ، لەکاتێکدا وڵاتەکە خۆی خستووەتە ناو کێبڕکێی جیهانی بۆ نەوەی داهاتووی ڕۆبۆتەکان.

گەشەپێدەران، ستایشی توانای ڕۆبۆتەکەیان کرد لە ئەنجامدانی سێ ئەرکی مرۆڤ، لەوانە ڕۆیشتن لەسەر قاچەکانی، مامەڵەکردن لەگەڵ شتەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵک، بەڵام لە کۆتاییدا بووە پیشاندەری کەموکورتییەکانی ڕووسیا لەبواری ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ.