بەرهەمێکی نوێی ئەپڵ ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە
کۆمپانیای ئەپڵ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گاڵتەجاڕی بووەتەوە، پاش ئەوەی جانتایەکی بۆ هەڵگرتنی ئایفۆنەکانی بڵاوکردەوە کە نرخەکەی نزیکەی 300 دۆلارە.
"نرخەکەی زۆرە و لە گۆرەوی دەچێت"
جانتاکە پێیدەوترێت "iPhone Pocket" واتا "گیرفانی ئایفۆن"، دوو دیزاینی هەیە، شان درێژ و شان کورت، نرخی شان کورتەکە 149.95 دۆلارە و نرخی شان درێژەکە 299.95 دۆلارە.
ئەوەشی بووەتە جێگەی گاڵتەجاڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەلایەک نرخەکەیەتی کە بەشێک لە بەکارهێنەران دەڵێن، ئەو پارەیە بۆ پارچەیەک قوماش زۆرە، هەروەها لەلایەکی دیکە دیزاینەکەیەتی کە دەڵێن لە گۆرەوی دەچێت.
بەشێکی دیکەش لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، ئەمە تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەو کەسانەی کۆمپانیای ئەپڵ هەر بەرهەمێک بڵاوبکاتەوە بەرگری لێدەکەن و دەیکڕن.
جانتاکان زنجیرەیەکی سنووردارن
جانتاکان بە هاوبەشی لەگەڵ مارکەی جلوبەرگی ژاپۆنی "ئیزی میاکی" دروستکراون و زنجیرەیەکی سنووردارە لە بەرهەمەکانی ئەپڵ.
ئەم مارکە ژاپۆنییە، پێشتر لەگەڵ ئەپڵ کاری کردووە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بلوزە ڕەشە ملدارەی کە ستیڤ جۆبس، دامەزرێنەی ئەپڵ هەمیشە لەبەری دەکرد.
16/11/2025