سکاڵای سەر نوێنەری جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان دواخرا

محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان

هەردوو سکاڵاکەی سەر، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە شارەدێی سەرگەڕان بۆ مانگی 12 دواخرا.

دانیشتنەکە بۆ مانگی 12 دواخرا

بڕیاربوو ئەمڕۆ لە دادگای دووبز، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە شارەدێی سەرگەڕان لەسەر دوو سکاڵا، کە یەکێکیان لەلایەن کەڕاد شاکر سەربازێکى عێراقییەوە تۆمارکراوە، کە لەسەر تراکتۆرەکەی، بە ملپێچ ڕایکێشایە خوارەوە، سکاڵایەکی دیکەشیان فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی عێراق لەڕێگەی لیژنەی یاساییەوە تۆماریکردووە، دادگایی بکرێت، بەڵام دادگا بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ مانگی 12 دوابخرێت.

سکاڵاکار ئامادەی دانیشتنەکان نابێت

پێشتر محه‌ممه‌د ئه‌مین بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لەسەر سکاڵای سەربازە عێراقییەکە، تاوەکو ئێستا پێنج دانیشتنی دادگا کراوە، بەڵام سکاڵاکار، ئامادەی دانیشتنەکان نابێت و لە دانیشتنی شەشەمى دادگاشدا ئامادە نەبووە.

گوتەی سکاڵاکار و شایەتحاڵەکان وەرگیراوە

نوێنەری جووتیارانی کورد لە شارەدێی سەرگەڕان، لەبارەی سکاڵای دووەمەوە کە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی عێراق تۆماریکردووە، ڕایگەیاند، گوتەی سکاڵاکار و شایەتحاڵەکان وەرگیراوە.

واز لە سکاڵاکانی ناهێنێت

گوتیشی، ئەو سکاڵایانەى لە دژی تۆمارکراوە، فشارە، بەڵام ئەو وازناهێنێت لە سکاڵاکانی کە لەسەر سەربازە عەرەبەکە تۆماریکردووە.

وردەکاریی ڕووداوەکەی محەمەد ئەمین

ڕۆژى 17ـى شوباتى 2025، محەممەد ئەمین، دوای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رگه‌ڕان سه‌ربازانی سوپای عێراق رێگرییان کرد زەوییەکەی بکێڵێت، بەرگریی لەخۆی کرد و لە تراکتۆرەکەی نەهاتەخوار، سه‌ربازێكی عێراقی بەملپێچه‌كه‌ی ڕایكێشا ئەو ڕووداوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەلایەن هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەرکۆنە کرا.

محەمەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کوردە لە سەرگەڕان، ته‌مه‌نی 56 ساڵه‌ و له‌ ساڵی 1986 ڕژێمی به‌عس سزای زیندانیكردنی هه‌تاهه‌تایی بۆ ده‌ركردووە‌.