ناوی ئەو کەسانەی 2026 دەچن بۆ حەج
ئەمڕۆ تیروپشکی ناوی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2026 ئەنجامدرا، ئەمەش دوای ئەوەی 89 هەزار هاونیشتمانی ناوی خۆیان تۆمارکردبوو. وتەبێژی حەج و عومرەش ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی زۆریی ژمارەی خوازیارانەوە، هەزاران ناو لە تیروپشکەکە دوورخراونەتەوە.
تیروپشک ئەنجامدرا
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2025، تیروپشک بۆ ناوی ئەو 89 هەزار هاونیشتمانییە ئەنجامدرا، کە ناوی خۆیان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمارکردبوو.
سیستمی ئەلیکترۆنی و دواکەوتنی تیروپشک
کاروان ستوونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "ئەمساڵ بۆ یەکەمجار پرۆسەی ناوتۆمارکردن بە شێوەی ئەلیکترۆنی بوو، بەهۆی نوێبوونی سیستەمەکەوە، پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوە کاتێکی زیاتری ویست و بووە هۆی دواکەوتنی تیروپشکەکە."
مەرجێکی نوێ.. هەزاران ناو سڕانەوە
بەهۆی زۆریی ژمارەی خوازیارانەوە، مەرجێکی نوێ بۆ تیروپشکەکە زیادکرا.
کاروان ستوونی وتی، "هەر کەسێک پێشتر فەریزەی حەجی ئەنجام دابێت، ناوی ناچێتە تیروپشکەوە. لە ئەنجامدا، هەزاران ناو لە لیستی خوازیاران دەرهێنراون."
16/11/2025