ئامێرە زیرەکەکان سیخوڕی ناو ماڵەکانن
لەوانەیە وا بیربکەیتەوە کە ماڵەکەت سەلامەتی و پارێزراویت بۆ دابین دەکات، بەڵام تەکنەلۆجیای نوێ بە تەواوی ئەم بیرۆکەیەی گۆڕیوە، زۆرینەی ئامێرە زیرەکەکان لەناو ماڵەکەتدا، وەکو چاو و گوێی شاراوە کاردەکەن، زانیارییەکانت کۆدەکەنەوە، لەوانەشە دەنگ و ڤیدیۆش بە بێ ئاگاداری تۆ تۆمار بکەن.
تەلەڤزیۆنی زیرەک
تەلەڤزیۆنی زیرەک بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانە، ئێستا تەنیا بۆ سەیرکردنی بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان بەکارنایەت، بەڵکو بۆ گەڕان لەناو ئینتەرنێتیشدا بەکاردێت، بەڵام لە پشت ئەم ڕووکارە پێشکەوتووەوە هەر دووگمە داگرتن و گەڕانێک و ئەو بەرنامانەشی سەیریان دەکەیت، داتاکانیان کۆدەکرێنەوە.
کۆمپانیاکانی وەکو سامسۆنگ، ئێل جی و فیزیو، دواتر ئەم داتایانە دەفرۆشن بە کۆمپانیاکانی ڕیکلام، هەرچەندە کۆمپانیای فیزیو، لە ساڵی 2017، دوای ئەوەی سەلمێنرا کە داتای بەکارهێنەرانی بەبێ ڕەزامەندی کۆکردووەتەوە، بە 2.2 ملیۆن دۆلار سزادرا، بەڵام ئەم سزایانە، نەبوونەتە هۆی وەستاندنی ئەم کارە و لەناو سیاسەتی دوور و درێژی کۆمپانیاکاندا شاراوەتەوە کە زۆرینەی بەکارهێنەر نایخوێنێتەوە.
کاتژمێری زیرەک و ئەپەکانی تەندروستی
سەرەتا کاتژمێری زیرەک بۆ ئەوە دروستکرا کە ژیانی بەکارهێنەرەکەی باشتر بکات و بەو شێوەیەش بوو، ئەم ئامێرانە دەزانن کەی دەخەویت، کەی هەڵدەستی، لێدانی دڵت و ئەو جێگایەی وەرزشی لێدەکەیت، بەڵام ئەوەی ترسناکە، کاتژمێری زیرەک هەموو ئەم داتایانە کۆدەکاتەوە بۆ فرۆشتن یان هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ کۆمپانیاکان.
ئەو ئەپڵیکەیشنانەی لە بواری تەندروستیدا کاردەکەن هەمان مەترسییان هەیە، لە ساڵی 2018 ئەپی پۆلار بۆ تەندروستی، وردەکاریی هەستیاری لەبارەی ژمارەیەک سەربازەوە ئاشکراکرد، وەکو ناو، زانیاریی کەسی و شوێنی مانەوەیان، تەنیا لەڕێگەی وەرزشەکانیانەوە.
بڵندگۆی زیرەک
بڵندگۆی زیرەک وەکو ئەمازۆن، ئیکۆ و گوگڵ هۆم، بەشێوەیەکی بەربڵاو لە هەرێمی کوردستان بەکارناهێنرێت، بەڵام ئەمانیش لەوانەیە هەندێکجار زیاتر لەو ئاستە گوێبگرن لە بەکارهێنەرەکانیان کە ڕێگەیان پێدراوە، هەرچەندە کۆمپانیاکان بەردەوام دەڵێن کە چاودێریی بەکارهێنەرانیان ناکەن، بەڵام لە چەند ڕووداوێکی جیاوازدا، گفتوگۆ و ڤیدیۆی کەسەکانیان بەبێ ڕەزامەندی تۆمارکردووە.
ئامێری زیرەکی ناوماڵ
هەر ئامێرێکی زیرەکی ناوماڵ، زانیارییەک لەبارەی خاوەنماڵەکەوە دەزانێت و کۆیدەکاتەوە، بۆ نموونە سیستمی گەرمی، دەزانێت کەی خاوەنماڵ لە ماڵە و کەی ماڵ جێدەهێڵیت، ڕووناکییە زیرەکەکان، کاتی خەوتن و هەستانی خاوەنماڵ دەزانن، یان کامێراکانی چاودێری، ئەمانە ڕاستە بۆ پارێزگاری و کارئاسانی دروستکراون، بەڵام دەشتوانن ببنە ئامڕازێک بۆ چاودێریکردنی خاوەنماڵ.
ئامێری بەدواداچوون
ئامێرەکانی وەکو ئێر تاگی ئەپڵ و تایل، دەتوانرێت بۆ دۆزینەوەی کەلوپەلە ونبووەکان کار ئاسانی بکەن، بەڵام لە هەندێک بارودۆخدا بەهەڵە بەکارهێنان لەوانەیە ببێتە کێشە.
لە ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمریکا، لە ساڵی 2021 زیاتر لە 150 حاڵەتی بەدواداچوونی نایاسایی بە ئامێری بەدواداچوونی شاراوە تۆمارکراوە، لەوانە کارمەندێک ئێر تاگی لە ئۆتۆمبێلی کچە خۆشەویستەکەی شاردبووەوە، بۆ ئەوەی جموجۆڵەکانی ئاشکرا بکات.
لەلایەکی دیکەشەوە، کۆمپانیاکان بەردەوام داتای شوێنی بەکارهێنەر کۆدەکەنەوە.
مۆبایلی زیرەک
ئەو ئامێرەی باشترین ئامڕازی سیخوڕییە، مۆبایلی زیرەکە، هەندێکجار زیاتر لە خێزان و هاوڕێکانت دەربارەی تۆ دەزانێت، لەوانەیە لە خۆشت زیاتر بزانێت.
مۆبایلی زیرەک، ئەو شوێنانە دەزانێت کە سەردانت کردوون، بەدوای چی دەگەڕێیت، سەیری چی دەکەیت و لەگەڵ کێ قسە دەکەیت، هەر ئەپڵیکەیشنێکیش کە دایدەبەزێنیتە ناو مۆبایلەکەت، دەبێتە کەناڵێکی سیخوڕی زیادە، هەندێکیان بەدواداچوون بۆ شوێنەکەت دەکەن، تەنانەت لەو کاتانەشی کە بەکارناهێنرێن.
17/11/2025