ئیلهام ئەحمەد: ئیدی سەردەمی شەڕ کۆتاییهاتووە؛ ئاستەنگمان بۆ ڕێککەوتنی 10ـی ئازار دروستنەکردووە
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە کۆڕبەندی (MEPS) لە دهۆک وەڵامی تۆمەتەکانی دیمەشق دەداتەوە و نەخشەڕێگای قۆناغی داهاتوو دەخاتەڕوو.
ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی دیمەشق
ئیلهام ئەحمەد ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی دیمەشقی ڕەتکردەوە کە گوایە بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە ئاستەنگیان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئازار (ئادار) دروستکردووە و گوتی: "ئەو قسانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئێمە هیچ ئاستەنگییەکمان بۆ ڕێککەوتنەکە دروستنەکردووە".
کۆتاییهاتنی سەردەمی شەڕ
بەرپرسەکەی ئیدارەی خۆسەر جەختی کردەوە، "ئیدی سەردەمی شەڕ لە سووریا کۆتاییهاتووە" و پێویستە لەمەودوا قۆناغی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەستپێبکات.
ڕۆڵی ژنان لە داهاتووی سووریا
سەبارەت بە بەشداریی ژنان، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، لە قۆناغی داهاتوودا دەبێت ڕۆڵێکی گەورە بە ژنان بدرێت و "پێویستە لە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا ڕۆڵ و پێگەیان هەبێت".
19/11/2025