وەزارەتی دارایی: مووچەی بەشێک لە خانەنشینان ڕادەگیرێت؛ دوای سەری ساڵ مووچەی کاش نامێنێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریی توند دەداتە ئەو خانەنشین و واریسانەی تاوەکو ئێستا فۆڕمی (هەژماری من)ـیان پڕنەکردووەتەوە و وادەی کۆتاییهاتنی دابەشکردنی مووچە بەشێوەی دەستی (کاش) ڕادەگەیێنێت.

وردەکاریی بڕیارەکان و ڕێنماییە نوێیەکان لەم خاڵانەدا دەخەینەڕوو:

ڕاگرتنی مووچەی مانگی ئەیلوول

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو خانەنشین و واریسانەی تاوەکو ئێستا فۆڕمی (هەژماری من)ـیان پڕنەکردووەتەوە، لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول، مووچەکانیان ڕادەگیرێت و پێنادرێت تاوەکو ئەو کاتەی فۆڕمەکە پڕدەکەنەوە.

وەرگرتنەوەی کارتە بانکییەکان

وەزارەتی دارایی داوا لەو خانەنشینانە دەکات کە کارتی بانکییان تەواو بووە و تاوەکو ئێستا وەریاننەگرتووەتەوە، بەزووترین کات سەردانی بانکەکان بکەن، چونکە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمیان لەڕێگەی پرۆژەی (هەژماری من)ـەوە بۆ خەرج دەکرێت.

کۆتاییهاتنی سەردەمی "مووچەی کاش"

وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق، هەر فەرمانبەر و خانەنشینێک تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکی نەبێت، لە بەغدادەوە مووچەکەی ڕادەگیرێت. هەروەها لەدوای سەری ساڵەوە دابەشکردنی مووچە بەشێوەی کاش نامێنێت.

ڕێژەی بەشداربووان

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 90%ـی فەرمانبەرانی شارستانی، سەربازی و خانەنشینان خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) تۆمار کردووە.