بەگوێرەى یاسا پەرلەمانی کوردستان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی لەسەرە؛ چوار هۆکار دیاری کراون

دانیشتنێکى پەرلەمانى کوردستان لە خولی پێنجەم
فۆتۆ ئەرشیفى: راگەیاندنى پەرلەمان
دانیشتنێکى پەرلەمانى کوردستان لە خولی پێنجەم فۆتۆ ئەرشیفى: راگەیاندنى پەرلەمان

بەگوێرەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان - عێراق (یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2005)، چوار سیناریۆ دیاری کراون کە لەڕێگەی فەرمانێکەوە دەبنە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان.

دەستلەکارکێشانەوە و دانیشتنی یەکەم

بەپێی یاساکە، پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە ئەگەر یەکێک لەم دوو حاڵەتە ڕووبدات:

زیاتر لە نیوەی ئەندامانی پەرلەمان بەکۆمەڵ دەست لەکار بکێشنەوە.

لەماوەی 45 ڕۆژدا لە وادەی بانگهێشتکردن بۆ کۆبوونەوەی خولی هەڵبژاردن، ژمارەی یاسایی ئەندامان (نیساب) بۆ دانیشتنەکە تەواو نەبێت.

شکستهێنان لە پێکهێنانی حکومەت

خاڵێکی دیکەی یاساکە پەیوەستە بە متمانەدان بە کابینەی حکومەت؛ ئەگەر پەرلەمان متمانە نەدات بە ئەنجوومەنی وەزیران لە "سێ پێکهاتەی وەزاریی جیاواز و یەک لەدوای یەک"، ئەوا پەرلەمانەکە هەڵدەوەشێتەوە.

گۆڕانکاری لە سیستەمی هەڵبژاردن

دواین ئەگەر پەیوەستە بە وادەی یاسایی خولەکە؛ ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان گۆڕدرا و خولی هەڵبژاردنیش شەش مانگ یان کەمتری مابوو، ئەوا پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە.