ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارێکی لەبارەی ئێران دەرکرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سێیەم ڕۆژی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە 19 دەنگی بەڵێ، ئاژانسەکە بڕیارێکی دژی ئێران پەسەند کرد، تاران ناچار دەکات، ورد و درشتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشکرابکات.
داواى ڕاپۆرتێک دەکرێت بچێتە دڵى وێستگەکانەوە
ڕەشنووسی بڕیارەکە لەلایەن ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکە ئامادەکرابوو، لە هەشت بڕگەی سەرەکی پێکدێت، بڕگەی یەکەمی داوا لە ئاژانسەکە دەکات پێش هەر کۆبوونەوەیەکی ئاسایی، ڕاپۆرتێک لەبارەی پابەندبوونەکانی ئێران، بە پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم ئامادە بکات، لە بڕگەی دووەمدا، داوا دەکرێت زانیاریی پشتڕستکراوە لەبارەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێران هەبێت، لەوانەش شوێن و ئاست، ژمارەی سەنتەر فیوجەکان و ئامێرەکانی ناو وێستگەکان.
بڕیارى بێ مەرج
لە بڕیارەکەدا ئێران پابەند کراوە بەوەی پێویستە بەبێ مەرج پابەند بێت بە ڕێککەوتنی پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم، تیمەکانی ئاژانسى نێودەوڵەتیى وزەى ئەتۆمیش بەتەواوى دەستکراوە دەبن بۆ پشکنین لە وێستگەکاندا".
هیچ ڕێگەیەکى دیکە نیە
رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسەکە لە دووەم ڕۆژی کۆبوونەوەکەدا بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، دەبێت لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێککەوتن، ڕێگەی دیپلۆماسی بە تاکەچارەسەری کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران زانی.
پشکنین لە شوێنى دیکە کراوە
گرۆسی گوتیشی، "دوای جەنگی 12 ڕۆژە پشکنەرانی ئاژانسەکە گەڕاونەتەوە بۆ ئێران و چەندین پشکنیان کردووە، بەڵام لەو وێستگە ئەتۆمییانە نا کە بەر بۆردوومانەکان کەوتوون".
ئێران ڕێگەنادات بچنە وێستگە بۆردومانکراوەکان
پیشتریش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندبوو، "ڕێگەنادەن پشکنەرانی ئاژانسی نێودەڵەتی وزەی ئەتۆم پشکنین لەو شوێن و وێستگانە بکەن کە بەر بۆردوومانەکان کەوتوون".
ئێران پابەند دەکرێت
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، داوای لە ئێران کرد پابەندی ئەو ئەرکانە بێت کە لەسەریەتی و گوتی "ئەگەر بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ ئێران چارسەری کێشەکان نەکرێت، ئەوا لە کێشەیەکەوە بۆ کێشەیەکی دیکە دەڕۆن".
یەکەمجار بەو جۆرە کۆدەبێتەوە
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە سێشەممەوە دەستیپێکردووە و یەکەم جاریشە ئەنجوومەنەکە لە دەرەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015 کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرە بکات.
لە 18ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ماوەی یاسایی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بەگوێرەی بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایش کۆتاییهات.
20/11/2025