پچڕان لە هەزاران ماڵپەڕ لە سەرانسەری جیهان ڕوویدا

پچران لە هەزاران ماڵپەر و پلاتفۆڕم لە سەرانسەری جیهان ڕوویدا، ئەوەش بەهۆی بوونی گرفتی تەکنیکی لە کۆمپانیای 'کڵاود فلەیر'دا، کە کۆمپانیایەکی ئەمریکییە و خزمەتگوزاریی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و خێراکردنی ماڵپەڕەکان پێشکەش بە ملیۆنان پلاتفۆرم دەکات، لە نێویاندا تۆڕەکانی ئێکس، چات جی پی تی و ژمارەیەکی بەرفراوان لە ماڵپەڕە جیهانییەکان.

گرفتەکە چەند کاتژمێڕێکی خایاند

کۆمپانیای 'کڵاود فلەیر' کە خزمەتگوزاریی بۆ زیاتر لە 330 شار و 125 وڵات دابیندەکات، ئاماژەی بەوەکردووە، تیمە ئەندازیارییەکانیان کار لەسەر چارەسەرکردنی گرفتەکە دەکەن. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری کێشەکە بکات.

سەرەتای پچڕانەکە بۆ ماوەی کاتژمێڕێک لە تۆڕی ئێکس لە سەرانسەری جیهان ڕوویدا و کاریگەریی لەسەر دەیان هەزار بەکارهێنەری هەبوو، دواتر زۆرێک لەو ماڵپەڕانەوەی گرتەوە کە لە لایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکەوە ئاسایشی ئەلیکترۆنییان بۆ دابینکراوە، گرفتەکە چەند کاتژمێڕێکی خایاند و دواتر وردە وردە ماڵپەڕەکان کەوتنەوەکار.

ماڵپەڕەکان ناکرێنەوە

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، سکاڵایەکی زۆر لە لایەن بەکارهێنەرانی ماڵپەڕ و تۆڕەکانەوە پێشکەش کران، زۆرینەی سکاڵاکان ئاماژەیان بەوە کرد، ماڵپەڕەکان ناکرێنەوە و ئاماژەی بوونی "هەڵەیەک لە سیڕڤەری ئینتەرنێت" لەسەر شاشەکانیان دەردەکەوێت.

پلاتفۆرمی 'داون دیتێکتەر'ـی ئەمریکی کە چاودێریی هێڵەکانی ئینتەرنێت دەکات، ئاماژەی بەوەکرد، گرفتەکە پەیوەندیی بە کوژرانەوە یان پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێتەوە نییە، بەڵکو بەتەواوی گرفتێکی تەکنیکیی کۆمپانیای دابینکردنی خزمەتگوزاریی سیکیوررتییە.