وێنەیەکی ئایفۆن 17 بووەتە جێگەی مشتومڕ

بەکارهێنەرێکی ئایفۆن 17، وێنەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و بووەتە جێگەی مشتومڕ.

ڕەنگە پرتەقاڵییەکەی نەماوە

لە وێنەکەدا ئایفۆن 17ـی پرۆ ماکسی ڕەنگ پرتەقاڵی دەبینرێت کە ڕەنگەکەی پێوە نەماوە، بەتایبەتی لە بەشی کامێراکەیدا، خاوەنەکەشی دەڵێت بەهۆی پاککردنەوەی مۆبایلەکەوە بووە بە کلێنسی تەڕ.

یەکەم حاڵەتە

ئەمە یەکەم حاڵەتی لەم شێوەیەی تاوەکو ئێستا بەکارهێنەرێک بڵاویکردبێتەوە، پێشتر هیچ ڕووداوێک یان حاڵەتێکی لەم شێوەیە تۆمار نەکراوە کە بەهۆی پاککردنەوەی ئایفۆن 17 بە کلێنسی تەڕ، بەم ڕادەیە ڕەنگی مۆبایلەکە لێبێتەوە.

تاوەکو ئێستا ئەپڵ هیچ وەڵامێکی لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام کۆمپانیاکە خۆی پێشنیازی بەکارهێنانی کلێنسی تەڕ دەکات کە بەڕێژەی %70 کهولی ئایزۆپرۆپیلی تێدابێت بۆ پاککردنەوەی مۆبایلەکانی و دەشڵێت ئەو بەرهەمانە بەکارمەهێنە کە ماددەی سپیکەرەوە یان هایدرۆجین پرۆکسایدی تێدایە.

"ئایفۆن 17 بەئاسانی دەڕووشێت"

لەماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی ئایفۆن 17 گلەیی ئەوەیان دەکرد کە مۆبایلەکانیان "بەئاسانی دەڕووشێت و ڕەنگەکەی لێدەبێتەوە".

ماڵپەڕی ناین تو فایڤ ماک، کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەبارەی بەرهەمەکانی ئەپڵەوە دەڵێت، کاتێک وێنەی ئایفۆنێکی رووشاو یان زیانلێکەوتوو دەبینن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە گومانەوە لێیبڕوانن، چونکە زۆرینەیان بە ئەنقەست زیان بە ئایفۆنەکان دەگەیەنن و وەکو رووداوێکی ئاسایی پیشانی خەڵکی دەدەن.