پلاندانانی عێراق: وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت دەگاتە 84 تریلیۆن دینار

کەناڵ8 21/11/2025
لۆگۆی وەزارەتی پلاندانانی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی پلاندانانی عێراق

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، قەبارەی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە چوارچێوەی پلانی پێنج ساڵە (2024-2028) دەگاتە 84 تریلیۆن دینار.

پلانی پێنج ساڵەیان هەیە

عەبد زەهرە هنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی گوتووە، پلانە پێنج ساڵەکەی وەزارەتەکەیان، تەواوکەری دیدیگای گەشەپێدانی بەردەوامی عێراقە بۆ ساڵی 2030، کە ئامانجەکانی پەیوەستن بە تەندرووستی، پەروەردە، فێرکردن، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چەندین ئامانجی دیکە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە واقیعی عێراقەوە.

کەرتی تایبەت لە هەموو قۆناغەکاندا ئامادەیە

ئاماژەی بەوەشکرد، کەرتی تایبەت لە هەموو قۆناغەکانی ئامادەکردن و جێبەجێکردنی پلانی گەشەپێدانی پێنج ساڵە، هاوبەشە و بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی بەشداریکردنی دەگاتە 35٪ لەبەرامبەر 65٪ بۆ کەرتی گشتی، کە بە ژمارە بەشداریی کەرتی تایبەت دەگاتە نزیکەی 84 تریلیۆن دینار.

پشتیوانیی ناوچە هەژارەکان

بە گوتەی هینداوی، ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری لە پێشینەی کارەکانی وەزارەتەکەیان دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە پلانێکی سێ ساڵەیان داڕشتووە و سندوقێکی تایبەت بۆ پشتیوانیکردنی ناوچە زۆر هەژارنشینەکان دادەنێن.

کەناڵ8

21/11/2025