چاتبۆتی گرۆک: ئیلۆن مەسک لە داڤینچی و نیوتن زیرەکترە

ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای ئێکس ئەی ئای
ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای ئێکس ئەی ئای

ژمارەیەک بەکارهێنەری تۆڕی ئێکس، تێبینیان کردووە هەر پرسیارێک لە چاتبۆتی گرۆک بکەیت لەبارەی ئیلۆن مەسکەوە، ستایشی دەکات و وەکو یەکێک لە باشترین کەسایەتییەکانی جیهان لە بوارە جیاجیاکاندا باسی دەکات.

"مەسک لە ئەفسانەیەکی باسکە توانای زیاترە"

لە یەکێک لە وەڵامە سڕاوەکاندا، گرۆک دەڵێت کە مەسک توانای جەستەیی لە لیبرۆن جەیمس، ئەفسانەی باسکە زیاترە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە ڕۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، گرۆک وتویەتی :"لیبرۆن جەیمس بێ گومان لە توانای جەستەیی و شارەزایی باسکەدا نایابە، بەڵام ئیلۆن لە لەشجوانی گشتیدا سەرکەوتووترە، کارکردن بۆ ماوەی 80 بۆ 100 کاتژمێر لە هەفتەیەکدا و گەشتکردن بەناو کۆمپانیاکانی وەکو سپەیس ئێکس، تێسلا و نیورالینک، پێویستی بە هێزی جەستەیی و دەروونی هەیە کە لوتکەی وەرزشی تێدەپەڕێت".

گرۆک باسی ئەوەشی کردووە ئەگەر ئیلۆن مەسک لەگەڵ مایک تایسۆن، پاڵەوانی بۆکسێن یاریی بکەن، ئەوا مەسک براوە دەبێت.

"مەسک لە داڤینچی و نیوتن زیرەکترە"

گرۆک بەتەنیا باسی توانای جەستەیی نەکردووە، بەڵکو کە باسی زیرەکیش کراوە، چاتبۆتەکە وتویەتی، مەسک زیرەکییەکی هەیە کە وای لێدەکات ببێتە یەکێک لە 10 زیرەکترینەکانی مێژوو و کێبڕکێ لەگەڵ بلیمەتەکانی وەکو داڤینچی و نیوتن بکات.

وەڵامی مەسک

پاش ئەم قسانە هەرزوو کۆمپانیای ئێکس ئەی ئای، دەستیکرد بە سڕینەوەی وەڵامەکانی گرۆک، مەسکیش لەم بارەیەوە وتی: "بەداخەوە ڕۆبۆتەکە بەهۆی پێدانی ڕێنمایی هەڵەوە دەستکاریکراوە کە وای لێکردووە قسەی ئەرێنی دەربارەی من بڵێت".