بانکی ناوەندی: هیچ گوشارێک لەسەر یەدەگی بیانی نییە؛ دۆلار گەیشتە 144 هەزار
هەفتەیەک دوای هەڵبژاردنەکان، بەهای دیناری عێراقی ناجێگیرە و بانکی ناوەندیی عێراقیش دڵنیایی دەدات کە پاڵپشتیی سەقامگیریی نرخ دەکات.
100 دۆلار گەیشتە 144,000 دینار
دوای ماوەیەک لە جێگیربوون، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینی. ئەمڕۆ لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق نرخی 100 دۆلار گەیشتە 144,000 دینار. شارەزایان پێشتر هۆشدارییان دابوو کە سەقامگیرییەکەی پێشوو بۆ "مەبەستی هەڵبژاردن" بووە و پێشبینی دەکەن نرخەکە بگاتە 150,000 دینار.
قەیرانی نرخی نەوت و بودجە
بەهۆی ئەوەی 90%ـی بودجەی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت، دابەزینی نرخی نەوت گورزی گەورەی لە داهات داوە.
بەگوێرەی یاسای بودجەی سێ ساڵە (2023, 2024, 2025)، نرخی بەرمیلێک نەوت بە 72 دۆلار ئەژمار کراوە، بەڵام دابەزینی بۆ 60 دۆلار کورتهێنانێکی گەورەی دروست کردووە.
زیانەکان بە ژمارە
جیاوازیی داهات لەنێوان نرخی دیاریکراوی بودجە و نرخی بازاڕ بەم شێوەیەیە:
ئەگەر بە 72 دۆلار بفرۆشرێت (وەک لە بودجەدا هاتووە):
ڕۆژانە: 244,800,000 دۆلار.
مانگانە: 7,344,000,000 دۆلار.
ساڵانە: 88,128,000,000 دۆلار.
ئەگەر بە 60 دۆلار بفرۆشرێت (نرخی ئێستا):
ڕۆژانە: 204,000,000 دۆلار.
مانگانە: 6,120,000,000 دۆلار.
ساڵانە: 73,440,000,000 دۆلار.
ئەنجام: ساڵانە زیاتر لە 14 ملیار دۆلار کورتهێنان دروست دەبێت.
کێشەی نەبوونی کاش
عێراق تووشی گرفتێکی دیکە بووە کە نەبوونی پارەی کاشە (سیولە). بۆ چارەسەرکردنی مووچە، حکومەت پەنای بۆ یەدەگی دۆلاری بانکی ناوەندی بردووە؛ بەوشێوەیەی دۆلار دەردەهێنێت و لە بازاڕ دەیفرۆشێتەوە بۆ ئەوەی دیناری دەستبکەوێت و مووچەی پێ دابەش بکات.
هەڵوێستی بانکی ناوەندی
سەرەڕای ئەم دۆخە، بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا دووپاتی کردەوە:
پاڵپشتی لە سەقامگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن.
لە ئێستادا "هیچ گوشارێک لەسەر یەدەگی بیانی بوونی نییە".
25/11/2025