مالیزیا تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ خوار 16 ساڵ قەدەغە دەکات

مالیزیا پلانی هەیە، ساڵی داهاتوو، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەغە بکات.

هاوشێوەی ئوسترالیا

فەهمی فازڵ، وەزیری گەیاندنی مالیزیا ڕایگەیاند، حکومەت لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی مامەڵەکردنی ئوسترالیا و وڵاتانی دیکە دەکات، لەگەڵ سەپاندنی سنووردارکردنی تەمەن بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

فەهمی لە ڤیدیۆیەکدا کە لە ڕۆژنامەی ستاری مالیزیا بڵاوکراوەتەوە وتی:"هیوادارین تاوەکو ساڵی داهاتوو، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پابەندبن بە بڕیاری حکومەت بۆ قەدەغەکردنی کەسانی خوار تەمەن 16 ساڵ لە کردنەوەی هەژمار".

تاوانی ئەلیکترۆنی

لەم ساڵانەی دواییدا، مالیزیا ڕێنماییەکانی بەرامبەر خزمەتگوزارییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیادکردووە، لە هەوڵێکدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی تاوانی ئەلیکترۆنی.

پەرلەمان پشتگیری قەدەغەکردنەکە دەکات

ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، لە مانگی تشرینی یەکەمدا، پشتگیری پلانی حکومەتیان کرد بۆ قەدەغەکردنی کەسانی خوار تەمەن 16 ساڵ، داوای میکانیزمی گونجاویان کرد بۆ دڵنیابوون لە تەمەنی بەکارهێنەران، کاتێک خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمار دەکەن.