ڕۆبۆتێکی چینی ناوی لە کتێبی گینسدا تۆمارکرا
ڕۆبۆتێکی چینی، دوای بڕینی مەودای زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە ماوەی سێ ڕۆژدا، کە درێژترین مەودایە تاوەکو ئێستا لەلایەن ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤەوە بڕابێت، ناوی چووە کتێبی گینسەوە.
106.286 کیلۆمەتر
ڕۆبۆتەکە ناوی ئاجیبۆت ئەی تووە "AgiBot A2"، باڵای 169 سانتمەترە، بەگوێرەی تۆمارەکانی گینس، لە ئێوارەی 10ـی تشرینی دووەمی 2025، لە شاری سوجۆو لە ڕۆژهەڵاتی چین، بەڕێکەوت و بە ڕێگای خێرا و شەقامەکانی شاردا تێپەڕی، لە 13ـی تشرینی دووەمی 2025، گەیشتە ناوچەی مێژوویی بەند لە شەنگهای، لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا، توانیویەتی 106.286 کیلۆمەتر ڕێگا ببڕێت.
توانای خوێندنەوەی لێوی هەیە
ئاجیبۆت، کۆمپانیای خاوەنی ڕۆبۆتەکە دەڵێت، ئەم ڕۆبۆتەی تایبەت بۆ خزمەتگوزاریی کڕیار دروستکردووە، توانای قسەکردن و خوێندنەوەی لێوی هەیە.
حکومەتی چین هانی کۆمپانیا خۆماڵییەکانی داوە بۆ پەرەپێدانی ڕۆبۆت، بە هیوای ئەوەی ببێتە پێشڕەوی پیشەسازی ڕۆبۆت لە جیهاندا.
25/11/2025