پسپۆڕێکی دارایی هۆشداریی دەدات لە دابەزاندنى بەهاى دینار

عەبدولڕەحمان مەشهەدانى، پسپۆڕ و ڕاوێژکارى دارایی
عەبدولڕەحمان مەشهەدانى، پسپۆڕ و ڕاوێژکارى دارایی

عەبدولڕەحمان مەشهەدانى، پسپۆڕ و ڕاوێژکارى دارایی لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ کەناڵ8 گوتى، دابەزینى یەک دۆلار لە نرخى نەوت، ساڵانە دەبێتە مایەى کەمبوونەوەى ملیارێک و 450 ملیۆن دۆلار لە داهاتى نەوت، لەگەڵ بەردەوامى تێکڕاى دابەزینى نەوت لە مانگەکانى ڕابردوودا، داهاتى بەدەستهاتوو لە فرۆشتنى نەوت کەمتر بووەتەوە لە تەرخانکراوى پێویست بۆ مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتى کە دەگاتە حەوت ملیار دۆلار مانگە.

حکومەت نەیتوانیوە داهاتى نانەوتى بەرزبکاتەوە

گوتیشى، ئەوەى دۆخى بودجەى خراپتر کردووە بێ توانایی حکومەتە لە جێبەجێکردنى پلانى بەرزکردنەوەى داهاتى نانەوتی و فرەچەشنکردنى و گەیاندنى بۆ ئاستى پلان بۆ دانراو کە 27 تریلیۆن دینارە و لە 14 تریلیۆن دیناردا جێگیر بووە، ئەوەش وایکردووە حکومەت دووچارى ئاستەنگى ببێت لە پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە کە قەبارەى 46 تریلیۆن دینارە.

عەبدولڕەحمان مەشهەدانى باسی لەوەش کرد، نەبوونى هەماهەنگى لەنێوان حکومەت و بانکى ناوەندى ئاستەنگییە داراییەکانى زیاتر کردووە.

بەدووریشى نەزانى ئاستەنگى زیاتر بێنە پێشەوە بەهۆى نەبوونى هەماهەنگى لە سیاسەتى دارایی نێوان حکومەت و بانکى ناوەندى، کە قەرز یاخود قەواڵەى قەرزى راستەوخۆى نەداوەتە حکومەت، لەکاتێکدا رێگەپێدانى ئەنجوومەنى نوێنەران هەیە بۆ قەرزکردنى حکومەت.

پێویستە بانکی ناوەندیی کارئاسانی بۆ قەرزکردن بکات

بەگوتەى مەشهەدانى، لەکاتێکدا حکومەت دووچارى داکشان یاخود پەنابردن بۆ سیاسەتى سکهەڵگوشین دەبێت، پێویستە لەسەر بانکى ناوەندى دەستپێشخەریی و کارئاسانى بۆ پرۆسەى قەرزکردن بکات نەک پێکەوە بچن بەرەو داکشان و دەستگرتنەوە.

جەختیشیکردەوە، لە حاڵەتى دواکەوتنى زیاترى خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەران کە ژمارەیان دەگاتە چوار ملیۆن کەس بازاڕ بەرەو پاشەکشە دەڕوات.

 دابەزاندنى بەهاى دینار لێکەوتەى مەترسیدارى دەبێت

لەبارەى ئەو پێشبینییانەى باس لە پەنابردنى حکومەت بۆ دابەزاندنى بەهاى دینار لەبەرامبەر دۆلار دەکەن، مەشهەدانى ڕایگەیاند، ماوەیەکى زۆر پێشبینى دەکرێت حکومەت پەناببات بۆ گۆڕینى بەهاى فرۆشى دینار بەرامبەر بە دۆلار، حکومەت دۆلارى هەیە، کە بەهاکەى دیاریکراوە لە بودجەدا، لە سایەى پاشەکشەى نرخى نەوت و ڕاپۆرتى بانکى (جى پى مۆرگان) لەبارەى داهاتووى نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا، حکومەتى داهاتوو هیچ ڕێگە چارەیەکى نابێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانى دارایی جگەلە گۆڕینى بەهاى دینار تاوەکو بتوانێت مووچە و خەرجییەکانى دابین بکات.

بەهای دراوی نیشتمانی نامێنێت

ڕوونیشیکردەوە، دابەزاندنى بەهاى دینار لەبەرامبەر دۆلار، دەبێتە هۆى نەمانى بەهاى دراوى نیشتمانى، کە لە سەردەمى عەلى عەلاوى وەزیرى پێشووترى دارایش هەمان دۆخ ڕوویدا کاتێک بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێندرا، ئەو کات دراوى نیشتمانى %23ـی بەهاکەى لەدەستدا، بەهۆى نەبوونى دڵنیایی و پلانى پێشوەختەى حکومەت لانیکەم بۆ ماوەى پێنج ساڵ بەر لە بڕیارى چوون بەو ئاڕاستەیە.

بژاردەکانی بەردەم حکومەت

بەهۆى مەترسی و لێکەوتە ئابوورى و کۆمەڵایەتییەکان لە دەرئەنجامى دابەزاندنى بەهاى فرۆشى دینار لەسەر کۆمەڵگە و بەتایبەت چینى ناوەڕاست و داهات سنووردار، مەشهەدانى پێى وایە بژاردەیەکى دیکە هەیە لەبەردەم حکومەت ئەویش کەمکردنەوەى مووچە و کرێ و خەرجییەکانە، وەک مەشهەدانى دەڵێت، حکومەت دەتوانێت ڕێکارێکى لەو جۆرە بگرێتەبەر بەهۆى بوونى نەرمى لە هەندێک بڕگەدا.

باس لەوەش دەکات، دابەزاندنى بەهاى دینار لەبەرامبەر دۆلار دەبێتە سزادانى بەکۆمەڵى گەل، لەکاتێکدا بژاردەى دەستکاریى مووچەى چوار ملیۆن مووچەخۆر و کەمکردنەوەى خەرجییەکانى دیکەى هەیە لە پێناو تێپەڕاندنى قەیرانەکە.