کۆرمۆر؛ شادەماری وزەی هەرێم و گەورەترین کێڵگەی گازی عێراق

کێڵگەى گازیى کۆرمۆر لەسەر نەخشە.
کێڵگەى گازیى کۆرمۆر لەسەر نەخشە.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر تەنیا بنکەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو بڕبڕەی پشتی کارەبای هەرێمی کوردستانە و وەک گەورەترین کێڵگەی گازی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

کۆرمۆر دەکەوێتە کوێ؟

کێڵگەی کۆرمۆر کە لە دوای ساڵی 2003ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، تایبەتمەندییە جوگرافییەکەی بەم شێوەیەیە:

  • دەکەوێتە سنووری شارەدێی قادرکەرەم.
  • سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی.

خاوەندارێتی و قەبارەی یەدەگەکەی

بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای دانەغاز، زانیارییەکان لەبارەی وەبەرهێنان و قەبارەی کێڵگەکە بەم شێوەیەن:

وەبەرهێنەر: بە شێوەیەکی فەرمی کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکات.

پشکەکان: 70%ـی پشکەکان تایبەتە بە دانەغاز و کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی.

ڕووبەر: ڕووبەری کێڵگەکە دەگاتە 135 کیلۆمەتر چوارگۆشە.

یەدەگی گاز: یەدەگی گازی سروشتی لە کێڵگەکە بە نزیکەی 17 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

گرنگییەکەی بۆ کارەبا و ماڵان

کۆرمۆر ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی وزە بۆ هاونیشتمانییان:

کارەبا: گازی کۆرمۆر بە بۆری ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

توانای بەرهەمهێنان: توانای دابینکردنی گازی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی چوار هەزار و 200 مێگاوات کارەبا.

غازی ماڵان: سەرچاوەی سەرەکییە بۆ دابینکردنی گاز بۆ کارگەکانی "غازی شل" کە بۆ غازی ماڵان بەکاردەهێنرێت.