پسپۆڕێکی نەوت و گاز: ئەرکى حکومەتى فیدڕاڵە سیستمى بەرگرى دابین بکات
هێرشەکەى سەر کێڵگەى کۆرمۆر کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێنا، پسپۆڕێکی نەوت و گاز ئاشکرای دەکات، پێشتر دانەغاز هەوڵیداوە لەسەر ئەرکى خۆى سیستمى بەرگرى بۆ کێڵگەکە دابین بکات، بەڵام وەکخۆی دەڵێت، ڕێگرییە یاساییەکان شکستیان بە هەوڵەکەى دانەغاز هێناوە.
پسپۆڕانى نەوت و گاز چى دەڵێن
لەبارەى هێرشەکەى سەر کێڵگەى کۆرمۆر، بەهجەت ئەحمەد، پسپۆڕی نەوت و گاز، لە میانى بەشداریکردنى لە بوڵتنى هەواڵەکانى کەناڵ8، ڕایگەیاند، هێرشەکە یەکەمجار نییە کە ئەنجامدراوە، بەڵکو لە ماوەکانى ڕابردووشدا لە ڕێگەى موشەک و درۆنەوە چەندین جار هێرشکراوەتەسەر کێڵگەکە، کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکان لە هەرێمى کوردستان.
گازى سرووشتى چاوى زۆر لەسەرە
گوتیشى، گازى سرووشتى لە هەموو جیهاندا یەکێکە لە هەستیارترین سێکتەرەکانى دابینکردنى وزە و لە دەرەوەى وڵاتیش چاوێکى زۆرى لەسەرە، هەرێمى کوردستانیش هەنگاوى جددیى ناوە بۆ ئەوەى بتوانێت وەبەرهێنان بکات لە سێکتەرى گازدا و بیگەیەنێت بە ئاستى خۆ بژێوى، دواى هەوڵێکى زۆر لە مانگى تشرینى یەکەمى 2025، هەرێمى کوردستان گەیشتە ئاستى خۆبژێوى بۆ ئەوەى بتوانێت کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ هاوبەشانى دابینبکات.
هێرشەکان نوێ نین
ئاماژەى بەوەشکرد، هێرشەکانى سەر کێڵگەى کۆرمۆر مێژوویەکى کۆنیان هەیە و لە 2007ەوە ئاڵنگارییەکى زۆرى بۆ دروستکراوە.
سەرچاوەیەکى ستراتیجییە بۆ هەرێم
لەبارەى سوودەکانى کێڵگەکەش بۆ هەرێمى کوردستان، بەهجەت ئەحمەد گوتى، گەورەترین سەرچاوەى دابینکردنى کەرەستەی پترۆ کیمیاوییە بۆ پێداویستیى ناوخۆ لە بوارى کشتوکاڵ و پیشەسازییە نەوتییەکانى دیکە.
پلان هەبوو لە داهاتوو کۆرمۆر چى بکات
پلانى ئەوەش هەبوو وزە بۆ کارگەکانى سنوورى بازیان دابین بکات لەوانە کارگەکانى ئاسن و چیمەنتۆ و ژمارەیەک کارگەى دیکە کە ڕۆژانە پێویستیان بەوەیە وزەیان بۆ دابینبکرێت بە هەرزانترین نرخ، نزیکەى 10 هەزار هەلى کاریشی دابین دەکرد.
ئامانجى هێرشەکان چین؟
جەختى لەوەشکردەوە، ئامانجى هێرشەکانى سەر کێڵگەى کۆرمۆر، تێکدانى ئەو پلانانەیە کە کێڵگەکە هەیەتى بۆ پێشخستنى کەرتى وزە لە هەرێمى کوردستان.
ئەرکى حکومەتى بەغدادە لە دانانى سیستمى بەرگرى
لەبارەى پلانەکانى پارێزگاری کردن لە کێڵگەکە، ئەو پسپۆڕەى نەوت و گاز گوتى، دانانى سیستمى دژە درۆن و موشەک لە کێڵگەکە پەیوەندى بە حکومەتى فیدڕاڵەوە هەیە.
پێشتر داناغاز چوونەتە بەریتانیا
ڕونیشیکردەوە، ئەو ڕێگرییە یاساییانەى هەیە، لە بەردەم دابینکردنى سیستمى بەرگرى بۆ کێڵگەکە بوونەتە ڕێگر و تەنانەت کۆمپانیاى دانەغاز چەند مانگێک پێش ئێستا سەردانى بەریتانیایان کرد بۆ ئەوەى سیستمى دژە درۆن لەسەر ئەستۆى خۆیان بۆ کێڵگەکە دابین بکەن، بەڵام بەهۆى ڕێگرییە یاساییەکان سەرکەوتوو نەبوون و ئێستاش هیچ گرەنتییەک نییە بۆ ئەوەى جارێکى دیکە هێرش نەکرێتەسەر کێڵگەکە.
زیانەکان زۆرن
لەبارەى زیانەکانى هێرشەکەوە گوتى، ئەوەى کە زیانى زۆرى بەرکەوتووە، کۆگاى گازى سروشتییە، کە تازە تانکییەکی نوێی بۆ کڕدراوە، بەڵام سەرجەم ئەو گازەش سووتاوە کە لە کێڵگەکە هەڵگیراوە، زیانەکانیش زۆرن و تاوەکو ئێستا نەخەمڵێندراون.
27/11/2025