کۆرمۆر؛ شادەماری وزەی هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی ئامارەکان، کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە بە شادەماری وزەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، تاوەکو ئێستا 13 جار ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە و زیانی ماددیی ملیۆنان دۆلاری بەرکەوتووە.

مێژووی هێرشەکان

بە دوایین هێڕشی شەوی ڕابردووەوە، ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەکە گەیشتە 13 جار، وردەکارییەکانیان بەم شێوەیەیە:

سەرەتا: یەکەم هێرش لە 22ـی حوزەیرانی 2022 ئەنجامدرا.

قوربانییەکان: لە کۆی هێرشەکاندا چوار کەس گیانیان لەدەستدا (کە لە هێرشەکەی نیسانی ڕابردوودا بوو)، سەرجەمیان کرێکاری بەڕەگەز یەمەنی بوون.

زیانی دارایی: تێچووی هەر زیانێک بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت؛ لە دوایین هێرشدا تانکییەک کراوەتە ئامانج کە "تازە کڕدراوە".

کۆرمۆر چی بەرهەم دەهێنێت؟

گرنگیی ستراتیژیی کۆرمۆر لە قەبارەی بەرهەمهێنانەکەیدایە کە سێ جۆر وزە دابین دەکات:

  • گازی سروشتی: ڕۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا بەرهەم دەهێنێت (سەرجەمی بۆ کارەبا دابین دەکرێت).
  • غازی ماڵان (LPG): ڕۆژانە هەزار و 100 تۆن دابین دەکات.
  • کۆندێسیت (NGL): ڕۆژانە 19 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت.

کاریگەری لەسەر هاونیشتمانییان

وەستانی ئەم کێڵگەیە ژیانی خەڵک پەک دەخات، چونکە:

85ـی کارەبای هەرێمی کوردستان پشت بە بەرهەمی ئەم کێڵگەیە دەبەستێت.

ناسنامەی کێڵگەکە

شوێن: شارەدێی قادر کەرەم.

ساڵی دەستپێک: 2008.

یەدەگ: 8.2 تریلیۆن پێ سێجا.

ڕووبەر: 510 کیلۆمەتر چوارگۆشە (33 کم درێژی و 4 کم پانی).

هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان

لە ڕابردوودا وڵاتان و ڕێکخراوە جیهانییەکان بەردەوام سەرکۆنەی هێرشەکانیان کردووە:

ئەمریکا: هانی لێکۆڵینەوە دەدەن و داوای سزادانی ئەنجامدەران دەکەن.

بەریتانیا: بە هەوڵێکی قبوڵ نەکراوی دەزانن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی.

یەکێتیی ئەوروپا: هێرشەکان بە ئامانجگرتنی سەرجەم خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەزانن.

فەڕەنسا: جەخت لە پاراستنی ژێرخانی وزە دەکەنەوە.

ئیمارات: هێرشەکە بە پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناودەبات.

یونامی: داوای دیاری کردنی بکەرانی هێرشەکە و دادگایی کردنیان دەکات