لە مالیزیا مێروویەک بۆ ناسینەوەی تاوانباران بەکاردێت

توێژەرێکی مالیزیا لێکۆڵینەوە لە مێرووی سەرجێگا دەکات
توێژەرێکی مالیزیا لێکۆڵینەوە لە مێرووی سەرجێگا دەکات

ژمارەیەک توێژەر لە وڵاتی مالیزیا، لێکۆڵینەوە لە جۆرە مێروویەک دەکەن و دەیانەوێت لەڕێگەیەوە تاوانبارەکانى وڵاتەکەیان بناسنەوە.

لە جێگەی نووستندا خۆیان دەشارنەوە

تیمێک لە زانکۆی زانستی مالیزیا ئاشکرایان کردووە، مێرووی سەرجێگا "Bed Bug" کە حەز دەکەن خۆیان لە جێگەی نووستن، ناو جلوبەرگ و شوێنە شێدارەکان بشارنەوە، بەڵگەیەکی تەواوبن بۆ ناسینەوەی گومانلێکراوان لە شوێنی تاوان.

عەبدولحافز ئەب مەجید، مێرووناس، لەبارەی بەکارهێنانی ئەم جۆرە مێرووەوە بۆ ناسینەوەی تاوانباران دەڵێت:"ئەم مێرووە لە یەک شوێندا دەمێنێتەوە، بۆیە زۆر گونجاوە بۆ کاری لێکۆڵینەوە، بەراورد بە مێشولەیەک کە دەفڕێت و بە ئاسانی هەڵدێت."

خوێنی مرۆڤ هەڵدەمژێت

یەکێک لە بەربڵاوترین مێرووەکان و بێزارکەرترینیانە بۆ مرۆڤ، ئەم مێرووە ڕەنگێکی سوری کاڵ یاخود قاوەیی ھەیە، بەوە دەناسریت لە کاتی شەودا دێتە دەرەوە و دەستدەکات بە ھەڵمژینی خوێن لەو مرۆڤانەی کە لێوەی نزیکن.

45 ڕۆژ

تیمەکە بۆیان دەرکەوتووە، ئەم مێرووانە دەتوانن دی ئێن ئەی "DNA"ـی مرۆڤ بۆ ماوەی 45 ڕۆژ بپارێزن، ئەمەش وادەکات ئەم بوونەوەرە بچووکانە ببنە بەڵگەیەکی تەواو بۆ ناسینەوەی گومانلێکراوان لە شوێنی تاوان.

دیاریکردنی ڕەگەز، ڕەنگی قژ و چاو و پێست

بە شیکردنەوەی ئەو خوێنەی مێرووەکە هەڵیدەمژێت، دەتوانرێت ڕەگەز، ڕەنگی چاو، قژ و ڕەنگی پێست ئاشکرابکرێت، بەمەش دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی ناسنامەی تاوانباران ئاسانتر و وردتر دەبێت.